د. دیندار: حكوومەتی ھەرێم هەوڵی جیددیی بۆ نەھێشتنی رەگەزپەرستی لە نێوان پێكھاتەكاندا داوە

پاریس-KDP.info- رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بۆ رێزگرتن لە پەیڕەوانی ئایینەكانی دیكە، حكوومەتی ھەرێم هەوڵی جیددیی داوە بۆ نەھێشتنی هەموو جۆرە رەگەزپەرستییەك لە نێوان پێكھاتەكانی كوردستادا.
لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ڤالێری پێكریس، سەرۆكی هەرێمی پاریسیان، شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە پێك ھاتبوو لە دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم، عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حكوومەتی ھەرێم لە فەڕەنسا، خالید ئەلبێر تالیا، بەڕێوەبەری كاروباری كریستیانەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و ژمارەیەك لە ئەندامانی نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان، بەشداریی كۆنفڕانسی تایبەت بە رەوشی كریستیانەكان و پێكھاتە ئایینییەكان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بوون.
ئامانجی سەرەكی لە بەشداریكردن لەم كۆنفڕانسەدا، باسكردن بوو لە رەوشی كریستیانەكان و پێكهاتە ئایینییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خستنەڕووی هەوڵ و كۆششەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە خزمەتكردنی كەمایەتییە ئایینییەكان بە گشتی و كریستیانەكان بە تایبەتی بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی. ئەم كۆنفڕانسە بە بەشداریی جێگری وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ژمارەیەك كەسایەتیی سیاسیی وڵاتان، باڵیۆز، پەرلەمانتار و پیاوانی ئاییینی كە لە عێراق، سووریا، لوبنان، میسڕ، فەڕانسا ...ھتد، بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای كۆنفڕانسەكەدا، ڤالێری پێكریس، سەرۆكی هەرێمی پاریسیان، پێشوازی لە بەشداربووان كرد و ئامانجی سەرەكیی بەڕێوەچوونی كۆنفڕانسەكەی روون كردەوە، كە ھەوڵدان بوو بۆ گەییشتن بە ئەنجامێك بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی پێكەوەژیان، رێزگرتن لە بیر و باوەڕ و ئایینی یەكتر و ھەوڵدان بۆ دەستەبەركردنی ئاساییش و سەقامگیری بۆ كەمایەتییەكان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
لە پانێلێكی كۆنفڕانسەكەدا، د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم، گوتاری خۆی پێشكەش بە كۆنفڕانسەكە كرد. زێباری لە كۆنفڕانسەكەدا تیشكی خستە سەر رەوشی پێكهاتە ئایینییەكان لە هەرێمی كوردستان و رایگەیاند: "هەموو چەشنە جیاكارییەك لەسەر بناغەی نەژاد، ڕەنگ، ڕەگەز، زمان، پێگەی كۆمەڵایەتی، وڵاتنامە، بنەچە، ئایین، بیروباوەڕ، هزر، تەمەن، باری ئابووری، كۆمەڵایەتی، سیاسی، یان كەمئەندامی، قەدەغەیە. حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بێ جیاوازی هەموو دەرگاكانی هەرێمی بە ڕووی پێكهاتە جیاوازەكاندا واڵا كردووە و تا ئێستا بە دەیان هەزار خێزانی مەسیحی، ئێزدی، توركمان و عەرەب لە ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق و بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، ڕوویان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە و حكوومەتی هەرێمیش بەپێی توانا هەموو ئاسانكارییەكی بۆ ئەنجام داون و ئێستایش وەكو هەموو هاووڵاتییەكی دیكەی كوردستان ژیانی رۆژانەی خۆیان بە بێ هیچ گوشارێك دەبەنەسەر".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم باسی لەوەش كرد كە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، لە هەر ناوچەیەكی دیكەی عێراق زیاتر ناوچەگەلێكی فرەنەتەوە و فرەئایینین. ئەگەرچی لە ڕووی مێژوییەوە ئەم ناوچانە كوردستانین، بەڵام لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە گۆڕانكاریی دیموگرافییان بەسەردا هێنراوە و هەر یەكێكیان بە ناوچەیەكی ناكوردستانییەوە لكێنراون.
زێباری، بۆ بەشداربووانی كۆنفڕانسەكەی روون كردەوە كە، حكوومەتی ھەرێم هەوڵی جیددی داوە بۆ نەھێشتنی ھەموو جۆرە رەگەزپەرستییەك لە نێوان پێكھاتەكانی كوردستان و بۆ رێزگرتن لە پەیڕەوانی ئایینەكانی دیكە. لە ساڵی ٢٠٠٧ بە بڕیاری ژمارە (١١)ی پەرلەمانی كوردستان ناوی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئیسلامی گۆڕا بۆ وەزارەتی ئەقاف و كاروباری ئایینی، ئەمەیش بە ھۆی بوونی پێڕەوانی ئایینەكانی دیكە لە كوردستان جگە لە موسڵمانان، كە ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەوەی وەزارەتی ئەوقاف تەنیا تایبەت نییە بە ئایینی زۆرینەی خەڵكی كوردستان، بەڵكوو پێكھاتە ئایینی و مەزھەبی و نەتەوەییەكانی دیكەیشی لە بەرچاو گرتووە. پێشتر وەزارەت تەنیا لە سێ بەش پێك ھاتبوو كە موسڵمان، كریستیان و ئێزدی بوون و بەڕێوەبەرایەتیی گشتییان ھەبوو، بەڵام ئێستا (٨) ئایین و ئایینزا نوێنەرایەتییان هەیە لە وەزارەتی ئەوقاف و بە پاڵپشتی و هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە بێ جیاوازی ئەركەكانیان جێبەجێ دەكەن و پێڕەوانی ئەم ئایینانە بە ئازادی سرووتە ئایینییەكان لە پەرستگاكانی تایبەت بە خۆیان ئەنجام دەدەن و لایەنە پەیوەندیدارەكان پارێزگارییان دەكەن.
لە كۆتایی كۆنفڕانسەكەدا، پیاوانی ئایینیی بەشدار لە كۆنفڕانسەكە كە پیاوانی ئایینیی موسڵمان و كریستیان بوون، بەیانێكیان واژۆ كرد لە ژێر ناوی بەیانی پاریس و تێیدا لەسەر چەند خاڵێك رێك كەوتن و لە ناویاندا: دەبێت ھەموو ئەو كەمایەتییانەی بە ھۆی خراپی دۆخیانەوە ئاوارە بوونە، بگەڕێندرێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ھاوكاری بكرێن بۆ باشتركردنی ژیانیان، پێویستە یەكسانی لە نێوان ئەو كەسانە ھەبێت كە ئایینی جیاواز پەیڕەو دەكەن، دەبێت ژن و پیاو یەكسان بن و ھیچ جیاوازییەك لە نێوانیاندا نەكرێت، واز بھێندرێت لەوەی كە بە ھۆی ھەندێك گرووپی توندڕەوەوە سیمای ئیسلام ناشیرین بكرێت، دەبێت واز بھێندرێت لە گوتاری توندڕەوانە كە ئاژاوە دەنێتەوە و دەبێتە ھۆكارێك بۆ تەشەنەسەندنی رق و كینە لە نێوان ئایینە جیاوازەكاندا، ھەرواھا كۆمەڵێك خاڵی دیكەیش پەسەند كران كە ھەموویان لە بەرژەوەندیی كەمایەتییە ئایینییەكان و بەرەوپێشبردنی ژیانیانە.




