زاخۆ.. بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی رێوڕەسمی کۆتایی خولێکی ئەفسەران ئەنجام دەدرێت

زاخۆ-KDP.info- بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی رێوڕەسمی کۆتایی هاتنی خولێکی ئەکادیمیای ئەفسەرانی هەرێمی کوردستان لە زاخۆ بەڕێوە دەچێت.
عەمید دێدەوان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند، کە هەندێ لە ئەفسەرەکانیان لە پلە جیاوازەکاندا بەشداری خولێکی ئەکادیمیی كۆلێژی سەربازی زاخۆیان کردووە و ئەمڕۆ لە رێورەسمێکدا و بە ئامادبوونی جەنابی سەرۆک بارزانی کۆتایی بە خولەکەیان دێت.
ناوبراو روونیشی کردەوە، لەو خولە ئەکادیمیایەدا ئەو زانیارییە سەربازییانەی کە پێویستن پێیان دەدرێت و مەشقی جیاجیاشیان لە سەر بنەمای زانستی سەربازی نوێێ پێ کراوە و بوونەتە ئەفسەری ئەکادیمی.
عەمید دیدەوان ئاماژەی بەوەشکرد، کە ٣٩٥ ئەفسەر لە پلەی جیاجیادا بەشدارییان لەو خولەدا کردووە، کە بۆ ماوەی ٩ مانگ بەردەوام بووە، گوتیشی: "هەموو ئەفسەرە بەشداربووەکان، سەر بە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی نین، بەڵکو سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەی ٨٠ و ٧٠ فەرماندەییەکانی دیکەش بەشداربوون".
شایانی باسە، ئەمە ٢٤ەمین خولی ئەکادیمیای سەربازی زاخۆیە، کە ئەمڕۆ لە رێورەسمێکدا کۆتایی دێت و بڕوانامەی ئەکادیمیای ئەفسەرانیش دەبەخشرێتە دەرچوانی خولەکە.
خێڵان بەختیار




