شاندێكی حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا كۆ بوونەوە

پاریس-KDP.info- شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتیی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسایان كرد.
شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتیی دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم، عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پاریس، سامان جەمیل بۆیا، بەرپرسی مەلەفی كریستیانەكان و ئەندامانی سكرتارییەتی نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسایان كرد و لەلایەن ئادریان پێنیللی، بەرپرسی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە فەڕەنسا پێشوازییان لێ كرا.
كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە باسكردن لەسەر رەوشی عێراق بە تایبەتی پاش هاتنی تیرۆریستانی داعش و ئەنجامدانی كردەوەی قێزەونی تیرۆریستی دژ بە كەمایەتییە ئایینییەكان. لەم كۆبوونەوەیەدا هەردوو لا تیشكیان خستە سەر هەماهەنگیی زیاتر لە نێوانیاندا و هەوڵدان بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی پێكەوەژیان لە عێراق.
ئەو بابەتانەی كە لەم كۆبوونەوەیەدا باسیان لەسەر كرا، بریتی بوون لە كێشەی كەمایەتییەكان لە عێراق، جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ و هەوڵدان بۆ چارەكردنی ئەو كێشانەی كەمایەتییەكان رووبەڕوویان دەبنەوە.
د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان، لە میانی كۆبوونەوەكەدا تیشكی خستە سەر هەوڵ و كۆششەكانی حكوومەت بۆ پاراستنی ژیانی كەمایەتییە ئایینییەكان و رایگەیاند، حكوومەتی هەرێم بە بەردەومی هەوڵی داوە مافی كەمایەتییەكان بپارێزێت و ئەو ئاشتی و پێكەوەژیانەی كە لە كوردستان هەیە بەردەوام بێت، بێگومان ئەو داتا و بەڵگانەیش كە لە بەردەستدان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن.




