شارەزایان: بەغدا و هەولێر دەیانەوێ لەسەر نەوت ڕێک بکەون
__2018_12_10_h15m1s55__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- هەنگاوەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پەرەپێدانی بواری نەوت بەردەوامە و شارەزایان ئاماژە بە گرنگیی داهاتووی هەناردەكردنی نەوت لە كوردستانەوە بۆ دەرەوەی وڵات دەدەن و پێشیان وایە كە كوردستان دەتوانێت بەرێككەوتن لەگەڵ بەغدا گرفتەكان چارە بكات، بە تایبەت پرسی هەناردەی نەوتی كەركووك لە ڕێگای كوردستانەوە.
پرسی هەناردەی نەوتی كوردستان یەكێكە لە گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە یەكەم هەنگاودا بەغدا ڕازی بوو بەوەی هەناردەی نەوتی كەركووك لە ڕێگای هەرێمی كوردستانەوە بێت. شارەزایان پێیان وایە كە بەغدا دەیەوێت هەنگاوی پراكتیكی بنێت بۆ چارەی گرفتەكان لە بواری پەرەپێدانی وزە و نەوت, دڵشاد شەعبان, ئەندامی لێژنەی سامانی سروشتی و نەوت لە خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پێشتر نووری مالیكی و حەیدەر عەبادی وەك دوو سەرۆكوەزیرانی عێراق هەوڵیان دا نەوتی كوردستان كۆنترۆڵ بكەن و نەوتی كوردستان بە دەردی نەوتی بەسرە ببەن، كوردستانیش وەك تەماشاكەرێك سەیری هەناردەكردنی نەوتەكەی بكات، هەرچەندە لە هەرێمی كوردستانەوە مروونەت لەو بارەوە هەبوو كە كۆنترۆڵی نەوتی خۆی بكات بە مەرجێك چەندە دەنێرێتە دەرەوە ئەوەندە پارە لە بەغداوە وەربگرێت بەبێ ئەوەی گرفت لەوەدابێت ئەو نەوتە لە ڕێگای كۆمیانیای (سۆمۆ)وە هەناردە بكرێت، بەڵام بەغدا ئەوەشی قبووڵ نەكرد, ئیستاش قۆناغێكی نوێ هاتووەتە ئاراوە، سەرۆكوەزیرانی عێراق گۆڕاوە و كەسێكە حەز دەكات گرفتەكان لەگەڵ كوردستان چارە بكات, كاتی خۆشی كە وەخت بوو كوردستان و عێراق لەسەر ئەو پرسە ڕێك بكەون فشاریان بۆ عادل عەبدولمەهدی هێنا كە ئەوكات وەزیری نەوتی عێراق بوو تا هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوەی كرد".
دڵشاد شەعبان گوتیشی: "هەرێمی كوردستان تا مانگێك پێش ئێستا بڕی ٤١٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێكدا دەرهێناوە, لەو بڕە بەشێكی بۆ وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای سحێلا و بەشێكی دیكەشی بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەكان بەكار هێناوە كە ڕێژەی هەناردەكەی لە ٤١٠ هەزار بەرمیلەوە بووە بە ٣٥٠ هەزار بەرمیل نەوت. واتە ڕۆژانە ٥٠ تا ٦٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ پاڵاوگە و وێستگەكان بەكار دەهێنرێت".
ئەوەیشی خستە ڕوو: "هەرێمی كوردستان ئەگەر ڕێگری لەسەر نەبێت و گرفتی بۆ دروست نەكرابایە لەو ڕێژەیەی ئێستا بەرهەمی زیاتر دەبوو, ئێستاش كە ئەمەریكا سزای بەسەر ئێراندا داوە، بەغدا ناچارە نەوتی كەركووك لە ڕێگای كوردستانەوە ڕەوانە بكات, جیا لەوانەش، جاران بۆڕیی نەوتی كوردستان تەنیا توانای ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێكدا هەبوو، بەڵام ئێستا دەتوانێ یەك ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات، ئەمەش دەرفەت دەدات بە كۆمیانیاكانی دەرهێنانی نەوت بەرهەمی خۆیان لە كوردستان زیاد بكەن و لە بازاڕەكانی كوردستان بیفرۆشن."
شارەزایان ئاماژە بەوە دەكەن كە دەبێ بەغدا كار بكات بۆ ئەوەی گرفتەكانی پرسی نەوت لە كوردستان چارەسەر بكات, بۆ ئەمەش گرنگە هەولێر و بەغدا لێژنەیەكی باڵا دروست بكەن. د. بەختیار حەیدەر وەلی, شارەزا لە بواری نەوت و وزە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەرێمی كوردستان بە هۆی سەركەوتنی بواری نەوتەوە دەتوانێت لەوەی ئێستا هەیە زیاتر پەرە بە هەناردەی نەوت بدات، چونكە دوای سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئێراندا هەرێمی كوردستان بەهێزترین بژاردەی هەناردەی نەوتە لە ناوچەكە و ڕەنگە لە داهاتوودا ڕێككەوتنی گەورە لەوبارەیەوە بكرێت، هەرێمی كوردستانیش فاكتەری گرنگ دەبێت لە بازاڕی وزەی جیهاندا بۆیە چاوەڕوانی ئەوە دەكرێت لە كۆبوونەوەی داهاتووی شاندی كوردستان و بەغدا ئەم پرسانە بە كۆنكرێتی چارەسەر بكرێت".
ڕاژیار هەورامی




