٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زوهێر ئەعرەجی: سوپاسی هەڵوێستی سەرۆك بارزانی دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

 

مووسڵ-KDP.info- دوای ئەوەی قایمقامی مووسڵ داوای لە سەرۆك بارزانی كرد فریای خەڵكی شاری مووسڵ بكەوێت، سەرۆك بارزانی وەڵامی بانگەوازی قایمقامی دایەوە و دەزگای خێرخوازیی بارزانیی راسپارد بۆ فركەوتنیان، قایمقامی شارەكەیش دەڵێت: "سوپاسی هەڵوێستی سەرۆك بارزانی دەكەین".

پاش ئەوەی رۆژی هەینی رێككەوتی ٧/١٢/٢٠١٨، قایمقامی قەزای ناوەندیی مووسڵ لە راگەیێندراوێكدا بانگەوازی بۆ سەرۆك بارزانی كرد بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكانی كەمپەكانی سەلامییە و نەمروود، سەرۆك مەسعوود بارزانی بەپیر ئەو بانگەوازەوە هات و، دەزگای خێرخوازیی بارزانیی راسپارد بۆ ئەوەی بە هانای ئاوارە و لێقەوماوانی لافاوەكانی ئەم دواییەی شاری مووسڵەوە بچن.

زوهێر ئەعرەجی، قایمقامی مووسڵ، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "بە وشە ناتوانین سوپاسی هەڵوێستە مرۆییەكانی سەرۆك بارزانی بكەین، چونكە بە خێرایی فریامان كەوت و هەموو شتێكی پێویستی بۆ ئێمە دابین كرد، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستە مرۆییەكانی سەرۆك بارزانی".

ئەعرەجی گوتیشی: "ئەم هەڵوێستانەی سەرۆك بارزانی نوێ نین بۆ خەڵكی شاری مووسڵ، چونكە لە كۆنەوە ئاوارەكانی شارەكەمانیان لە پارێزگاكانی هەرێمدا حەواندووەتەوە و هاوكارییان كردوون".

هەر لەو بارەیەوە، رزگار عوبێد، بەڕێوەبەری ئۆفیسی مووسڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "دوای بانگەوازی قایمقامی مووسڵ، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانی، بەپەلە هەموو هاوكارییەكی خێرامان ئامادە كرد بۆ شارەكە و ئێستایش لە شارەكەین بۆ بەهاناوەچوونی خەڵك".

عوبێد گوتیشی: "ئەم هاوكارییانە چەند كاروانێك دەبن و لە رۆژانی داهاتوویشدا هاوكاریی زیاتر بە خەڵكی شارەكە دەگەیێنین".

پێشتریش سەرۆك بارزانی هاوكاریی بەپەلەی گەیاندە شارۆچكەی شرگات و، قایمقامی شارەكەیش لە ڕێگای ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، سوپاسی هەڵوێستە مرۆییەكانی سەرۆك بارزانی كرد.

 

كــاروان بـــاعەدری

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار