"پارتی ھیچ كاندیدێكی بۆ سەرۆكی پەرلەمان دیاری نەكردووە.. بۆ یەكێتییش سەداسەد نییە"

ھەولێر-KDP.info- ڕێڤینگ ھرووری دەڵێ، پەرلەمان لە ئێستادا چاوەڕوانی پێكھاتنی لایەنەكانە بۆ ئەوەی دەستەی سەرۆكایەتی ھەڵبژێردرێ. بە گوتەی ئەو، پارتی ھیچ كاندیدێكی بۆ سەرۆكی پەرلەمان دیاری نەكردووە و بۆ یەكێتییش سەداسەد نییە.
ڕێڤینگ ھرووری، سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "پەرلەمان لە ئێستادا چاوەڕێی پێكھاتنی لایەنەكانە بۆ ئەوەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان ھەڵبژێردرێ و پرسەكە یەكلا بكرێتەوە، دانیشتنی پەرلەمانی كوردستانیش ناكرێت تا لایەنەكان خۆیان بۆ كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكەی یەكلا نەكەنەوە."
پارتی دیموكراتی كوردستان، كاندیدانی خۆی بۆ سەرۆكایەتیی ھەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران دیاری كردووە و لیژنەیشی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان پێك ھێناوە، سەرۆكی كاتیی پەرلەمانیش دەڵێ، پەرلەمان چاوەڕێی سازانی لایەنە سیاسییەكانە بۆ دانانی سەرۆكایەتیی نوێ بۆ پەرلەمان و ڕاسپاردنی سەرۆكوەزیران بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێ.
ھرووری باوەڕی وایە، ڕەنگە سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بێت، بەڵام دەشڵێ: "سەدا سەد نییە". گوتیشی: "پارتی دیموكراتی كوردستان تا ئێستا ھیچ كاندیدێكی بۆ سەرۆكی پەرلەمان دیاری نەكردووە، ھەر بۆیە بە سازانی سیاسیی نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕان، كەسێك بۆ سەرۆكی پەرلەمان دادەنرێت."
ڕۆژی٣٠ی ٩ی ئەمساڵ، ھەڵبژاردن بۆ ١١١ ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی ھەرێمی كوردستان لە ھەر چوار پارێزگاكەی ھەرێمی كوردستان، ھەولێر، دھۆك، سلێمانی و ھەڵەبجە، ئەنجام درا و، ٢١ی ١٠ی ٢٠١٨ـیش ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنەكان ڕاگەیەندرا، كە پارتی دیموكراتی كوردستان ٤٥ كورسیی پەلەمانی كوردستانی بە دەست ھێنا.
لە ٣ی ١٢ـدا، ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانیش، بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی كۆ بووەوە و ھەریەك لە نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی ھەرێم و مەسروور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران دیاری كرد و، لیژنەیەكیشی بۆ سەردانیكردنی لایەنەكان پێك ھێنا و دوای سازانی سیاسیی نێوان لایەنەكان، پەرلەمانی كوردستان ٣٠ ڕۆژ كات دەدات بە سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێ.
فایزە كۆیی




