گوندی یەنگیجەی تاڵەبانی، باجی قورسمان داوە و لە ژێر ھەڕەشەی گەورەداین و بووین

كەركووك-KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاساییشی كەركووك ڕایگەیاند، ماوەی چوار ڕۆژە رێكخەری خۆپێشاندانەكانی جووتیارانی كەركووك دەستگیر كراوە و، رێگا نادەن نە بە كەفالەت ئازاد بكرێت و نە كەسیش سەردانی بكات.
خەڵكی گوندی یەنگیجەی تاڵەبانی، لە باننامەیەكدا بڵاویان كردووەتەوە: "لە دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە، شاڵاوێكی ھاتنی عەرەبی ھاوردە بەرۆكی ناوچە و گوندەكانمانی لە سنووری داقووق گرتووە و چاویان لە زەوییەكانمان بڕیوە، باجی قورسیشمان داوە و لە ژێر ھەڕەشەی گەورەدا بووینە تاوەكو نەھێڵین ئەو زەوییانەمان لە دەست بچێ كە موڵكی باوك و باپیرانمانە و تاپۆی رەشمان ھەیە، بەڵام بەداخەوە تا دێت ئەركمان قورستر دەبێ و ھیچ لایەن و حزب و كەسێكیش نییە پشتگیریمان بكات، زەوییەكانمان بە تەنیا جێھێڵدراوین، بەڕێزان دوای ئەو ھەموو رێگرییەی كردمان لە بەعەرەبكردنی گوندەكەمان، گوندی یەنگیجەی تاڵەبانی، بەداخەوە ھێزە ئەمنییەكان ھاونیشتیمانییەكیان بە ناوی عادل ستار دەستگیر كردووە، كە باوكی شەش منداڵە و چوار رۆژە رێگا بە كەسوكاری نادرێت بچنە بینیبی، لە بەرانبەردا تۆمەتی زۆر ناڕەوا دراوەتە پاڵی و تەنانەت ناھێڵن بە كەفالەتیش ئازاد بكرێ".
لە بەیاننامەكەدا كە ئاڕاستەی نوێنەرانی كورد لە بەغدا و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كراوە، ئەوەش خراوەتە ڕوو: "ئیمە وەك دانیشتووانی گوندی یەنگیجەی تاڵەبانی لە سنووری داقووق، ئەم داواكارییە ئاڕاستەی ئێوەی بەڕێز و دەزگاكانی راگەیاندن دەكەین تاوەكو بە جیددی بێنە سەر خەت و ھەوڵی ئازادكردنی عادل ستار بدەن و لە پشتمان بن بۆ پاراستن و رێگریكردن لە تەعریبكردنی گوندەكانمان و، بەڵێنیش دووپات دەكەینەوە بەردەوام دەبین لە پاراستنی ناوچەكانمان و رێگریكردن لە ھێنان و سەپاندنی عەرەبی ھاوردە بەسەرماندا، بۆیە چاومان لە ھاوكاری و پشتگیریی ئێوەیە".
لای خۆیەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئاساییشی كەركووك، گۆران عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "ڕاستە ئەو كەسەی دەستگیر كراوە رێكخەری خۆپێشاندانی جووتیارانی كورد بووە دژی عەرەباندنی ناوچەكەیان، بەڵام ھێزە عێراقییەكان ماوەیچوار رۆژە دەستگیریان كردووە و رێگە نادەن نە كەسوكاری خۆی بیبینن و نە بە كەفالەتیش ئازاد بكرێت، چونكە كۆمەڵێك تۆمەتیان بۆ دروست كردووە".
عەبدوڵڵا گوتیشی: "ھۆكاری دەستگیركردنی ئەو كوردە، تەنیا ئەوەیە خۆپێشاندانی دژی عەرەباندنی ناوچەكەیان ڕێك خستووە و ھیچ تاوانێكی ئەنجام نەداوە".
بڵند ئیبراھیم




