ناوچەیەکی پیشەسازیی تایبەت بە دروستکردنی خۆراک لە دهۆک دروست دەکرێت
__2018_12_08_h15m22s54__ER.jpg)
دھۆک-KDP.info- سەرۆکی ژووری بازرگانیی پارێزگای دھۆک گوتی، بڕیارە ناوچەیەکی گەورەی پیشەسازیی تایبەت بە خۆراک لە سنووری پارێزگای دھۆک دروست بکرێت، لەسەر ڕووبەری زیاتر لە ٤٠٠ دۆنم زەوی، کە بە شێوەیەکی مۆدێرن دروست دەکرێت و مۆڵەتی دروستکردنیشی بۆ دەرچووە و ساڵی دابێ دەست بە دروستکردنی ناوچەکە دەکرێت، کە دەکرێ ھەموو جۆرێکی خۆراکی لێ بەرھەم بھێندرێت.
ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانیی پارێزگای دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەسەر بوودجەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە گوندی کانی سپی لە سنووری قەزای سێمێلی سەر بە پارێزگای دھۆک ناوچەیەکی بازرگانیی گەورە لەسەر ڕووبەری زیاتر لە ٤٠٠ دۆنم زەوی دروست دەکرێت و مۆڵەتی دروستکردنی ناوچەکەش دراوە و حکوومەت پارەشی بۆ تەرخان کردووە و کۆمپانیایەکی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان دروستی دەکات و بە شێوەیەکی سەردەمیانە و مۆدێرن دروست دەکرێت."
ئەیاد حەسەن گوتیشی: "ئەو ناوچەیە گرنگیی زۆری بۆ پارێزگای دھۆک دەبێت و تایبەت دەبێت بە خۆراک و ھەموو کەلوپەلەکانی خۆراک. لەو ناوچەیە چەندان کۆمپانیای دروستکردنی ھەموو جۆرەکانی خۆراک دروست دەکرێن و خۆراک بەرھەم دەھێنن، ئەمەش زۆر باشە لە ڕووی تەندروستیشەوە لەبەر ئەوەی جگە لە خۆراک ڕێگە بە ھیچ کۆمپانیایەک نادرێت شتی دیکەی لێ بەرھەم بھێنێت."
حەسەن باسی لەوەش کرد: "ئەمە وا دەکات لەو ناوچە پیشەسازییە ھەموو جۆرێکی خۆراک بۆ ھاووڵاتییان بەرھەم بھێندرێت و ساڵی دابێ دەست بە دروستکردنی ناوچەکە دەکرێت، چونکە ھەندێک ڕێکاری تەکنیکی ماوە تەواو بکرێن، ھەرکاتێک تەواو بوون دەست بە دروستکردنی ناوچەکە دەکرێت."
بڵند ئیبراھیم




