ئادەم گەڤەری: هەنگاوەكانی پارتی گرینگ و ئومێدبەخشن

توركیا-KDP.info- ئادەم گەڤەری، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە دەڵێ، پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سیاسەتێكی نوێوە هاتووەتە گۆڕەپانی سیاسییەوە، ئەمەیش هەنگاوێكی گرینگ و ئومێدبەخشە بۆ تەواوی كوردستان.
رۆژی دووشەممە (٣-١٢-٢٠١٨)، لە كۆبوونەوەی بەرفراوانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بە سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی، بڕیار درا نێچیرڤان بارزانی كاندیدی سەرۆكی هەرێم و مەسروور بارزانی كاندیدی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم بن.
لەو بارەیەوە، ئادەم گەڤەری، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ڕاسپاردنی مەسروور بارزانی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێم، هەنگاوێكی گرینگ بوو لە سیاسەتی هەرێمی كوردستاندا، چونكە سەركردەیەكی سیاسی و خاوەنی ئەزموون و باكگراوندێكی سەركەووتووە لە شەڕی دژی داعش و ئاساییش و سەقامگیریی هەرێمیشدا".
گەڤەری ئاماژەیشی دا: "ئێمە بڕوامان وایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە داهاتوودا حكوومەتێكی بەهێز دەبێت و دەبێتە تەواوكەری حكوومەتی نێچیرڤان بارزانی، چونكە كابینەی پێشوویش دەستكەوتی باشی بە دەست هێناون، بێگومان حكوومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستانیش، دەبێتە حكوومەتی هەرچوار پارچەی كوردستان".
دەشڵێ، دەبێ تەواوی لایەنە كوردستانییەكان كار بۆ ئەوە بكەن حكوومەتێكی بە هێز هەبێت و ببێتە هێمایەكی گەش بۆ خەڵكی كوردستان.
كـــاروان بــاعەدری




