شاندێكی پارتی، بەشداری لە كۆنگرەی پارتی كریستیانی ئەڵمانیادا كرد

ئەڵمانیا-KDP.info- شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەشداری لە كۆنگرەی پارتی كریستیان دیموكراتی یەكگرتووی ئەڵمانیادا كرد.
لەسەر بانگهێشتی فەرمیی پارتی كریستیان دیموكراتی یەكگرتووی ئەڵمانیا ناسراو بە (سی دی یو) پارتی فەرمانڕەوا، كە ئەنگێلا مێركڵ سەرۆكایەتیی دەكرد، شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری لە كۆنگرەیەكی پارتەكەدا كرد.
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە تاكە پارتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە و شاندێكی یاوەری، لەگەڵ دڵشاد بارزانی، نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ئەڵمانیا، بەشدارییان لە كۆنگرەی پارتی ناوبراودا كرد و، لە كۆنگرەی ئەمساڵیشدا جگە لە چاوپێداخشاندنەوە بە سیاسەتی كار و بەرنامەی ئەو حیزبە، سەرۆك و دەستەیەكی نوێ بۆ ئەو حیزبە هەڵدەبژێردرێن.
كۆنگرەی ئەمساڵ گرینگییەكی زۆری هەیە، ئەمەیش وای كردووە كە زیاتر لە ١١٠٠ شاند لە سەرجەم هەرێمەكانی ئەڵمانیا ئامادەی كۆنگرەكە بن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی حیزب و دەستەیەكی نوێ بۆ سەركردایەتیی پارتی سی دی یو.
جێی باسە، ئەنگێلا مێركڵ، پاش 18 ساڵ لە سەرۆكایەتیی (سی دی یو)، ئەمساڵ بڕیاری دا چیدیكە خۆی بەربژێر ناكات بۆ سەرۆكایەتیی پارتی ناوبراو، بەڵام ئەو داوای لە حیزبەكەی كردووە كە هاوكاری بن تاكو كۆتایی ئەم خوولە وەك ڕاوێژكاری ئەڵمانیا بمێنێتەوە. لەم كۆنگرەیەدا سێ كاندید خۆیان بۆ سەرۆكایەتیی (سی دی یو) بەربژێر كردووە، ئەوانیش (فریدریش مێرز)، (ئانەگرێت كرامپ) و (یێنس شپان)ـن.
خاتوو مێركڵ، دۆستێكی دێرینی گەلی كورد و سەرۆك بارزانییە و لە هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش لە ساڵی 2014ـدا، (سی دی یو) رۆڵێكی یەكجار گەورەی هەبوو لەناو پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیادا بۆ هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان، ئەمەیش وای كرد كە بڕیاری پێدانی چەك بە پێشمەرگەی كوردستان و هەروەها مەشق و راهێنان بە هێزی پێشمەرگە و كردنەوەی كۆنسووڵخانەی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان پەسەند بكرێت.




