٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

نێچیرڤان بارزانی نە بە کودەتا هاتووە و نە لە هەڵبژاردن دۆڕاوە!

سەرچاوە: KDP.info

د. عومه‌ر نوره‌ددینی
ماوەیەکە لە ماس میدیا و سۆسیال میدیای کوردستاندا، بەراوردێک لەسەر دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەکرێ لەنیوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق و، تیایدا ئەوە نیشان دەدرێ کە گوایە لە عێراق چەندین سەرۆکی حکوومەت گۆڕاون بەڵام لە هەرێمی کوردستان هەر نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەت بووە، بەمە دەیانەوێ بڵێن لە هەرێمی کوردستان دەستاودەستی دەسەڵات نەکراوە و بەغدا لە هەرێمی کوردستان دیموکراتیترە، ئەم بەرواردکردنە لە چەندین لاوە بەراوردێکی نازانستی و نالۆجیکی و نادروست و پووچەڵە و مەبەستی سیاسیی لە پشتەوەیە. بۆچوونەکەی خۆمان بەم خاڵانە  پشتئەستور دەکەین:
یەکەم: هەموو جارێک کە نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆکی حکوومەتی وەرگرتووە، دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووە و حزبەکەی زۆرترین کورسیی پەرلەمانی بە دەست هێناوە، هەروەها سەرۆک و سەرکردایەتی و فراکسیۆنی حزبەکەی کاندیدیان کردووە و پەرلەمانی کوردستانیش متمانەی پێ بەخشیوە، واتا وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی حکوومەت لەلایەن بەڕیز نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ تەواو شەرعی و قانوونی بووە و شەرعیەتی لە ئیرادەی گەل و پەرلەمانی کوردستان و لە ناو حزبەکەی خۆی وەرگرتووە، نەک بە کودەتا و بە هێزی سەربازی و بەزۆر سەپاندن.
دووەم: لە پرسی حوکمڕانیدا ئەوەی گرینگە ئەوەیە بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسی بگەڕێیتەوە بۆ ئیرادەی گەل و هەڵبژاردنی دیموکرسیانە، مەرج نییە دوای هەر هەڵبژاردنێک کاراکتەرە سیاسییەکان و پارتە سیاسییەکان بڕۆن و نەمێنن، بۆ نموونە: لە ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرگل و لە رووسیا ڤلادیمیر پووتین و لە تورکیا ئەردۆغان و لە فەرەنسا فرانسۆ میتران هەریەکی چەندین جار بوونەتە سەرۆکی وڵات یان سەرۆکوەزیران، هەموو جارێک بە هەڵبژاردن پۆستەکەیان وەرگرتووە، ئەمە هیچ نەنگی و کێماسییەک نەبووە بۆ دیموکراسی و سەنگ و پێگەی ئەو وڵاتانە، هەتا ئەمە لە ئەمریکایش ڕووی داوە و چەندین سەرۆک بۆ زیاتر لە جارێک بوونەتە سەرۆکی ئەمریکا، لە بیست ساڵدا (۱۹۸۸ _ ۲٠٠۸) ماوەی دوانزە ساڵ جۆرج بووشی باوک و جۆرج بووشی کوڕ واتا کوڕ و باوکێک سەرۆکی ئەمریکا بوون و لە یەک حزبیش بوون ئەویش پارتی کۆمارییەکانە.
سێیەم: ئەوانەی کە حوکمی بەغدایان کردووە هیی پێش (۲٠٠۳) ئەوا دیارە بە کودەتا هاتبوونە سەر حوکمڕانی و دیکتاتۆر بوون، ئەوانەی دوای (۲٠٠۳) بوونەتە سەرۆکی حکوومەتی عیراق و پاشان گۆڕاون یان بەهۆی دۆڕانیان بووە لە هەڵبژاردن یان لەلایەن حزبەکانیانەوە دووبارە کاندید نەکراونەتەوە، لەلایەکی ترەوە ئەگەر بەراوردی نێوان مۆدێلی حوکمڕانیی عێراق کە دەوڵەت بووە، لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە هەرچەندە توانا ماددی و مه‌عنه‌وییەکانی عێراق زۆر زیاتر بووە لە هیی هەرێمی کوردستان و پشتیوانیی نێودەوڵەتییش بۆ حکوومەتی عێراق زیاتر بووە لە هیی هەرێمی کوردستان، کەچی شکی تێدا نییە کە مۆدێلی هەرێم لەگەڵ بوونی سەرنج و تێبینی، بەڵام زۆر سەرکەوتووتر بووە لە هیی بەغدا و ئیستا عێراق لە ریزی پێشەوەی فاشلترین دەوڵەتانی دنیایە و بەداخەوە بەغدا لە ڕووی نائارامی و پیسی و پۆخڵییەوە پێشەنگی پایەختەکانی دنیایە، لە بەرامبەردا هەولێری پایتەختی هەرێم لە ئارامی و ئاودانی و فرەییدا سەرقافڵەیە، هەروەک چۆن لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی دەیلی مه‌یلدا هاتووە، کە هەولێر پێنجەمین شاری ئارامی جیهانە و فرەییی نەتەوەیی و ئایینی تێیدا بەرقەرارە و ئاوا و ئاوەدانە.

هەواڵی پەیوەندیدار