٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دیداری بازرگانی لە نێوان بازرگانانی كوردستان و كۆمپانیاكانی ئەمەریكادا ساز دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info-  دیدارێكی بازرگانی لە نێوان بازرگانانی ھەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی ئەمەریكا لە ھەولێر بەڕێوە دەچێت، مەبەست لە ئەنجامدانیشی، زیاتر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی بواری بازرگانی و پیشەسازیی نێوان ھەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە.

كاروان سورچی، گوتەبێژی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەیانی لە بارەگای ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ھەولێر، دیدارێكی تایبەتی بازرگانی لە نێوان ھەرێمی كوردستان و شاندێكی كۆمپانیاكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە ھاوكاریی نوێنەرایەتیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت".

سورچی، گوتیشی: "مەبەست لە ئەنجامدانی ئەو دیدارە، زیاتر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی بواری بازرگانی و پیشەسازیی نێوان ھەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە، ئەو كۆمپانیایانە دەیانەوێ بەشدار بن لە ڕەوشی وەبەرھێنان و كاری بازرگانی لە ھەرێمی كوردستان، دوای نەمانی مەترسیی داعش لە عێراق، كۆمپانیاكان دەیانەوێت زیاتر بێن لە ھەرێمی كوردستان كار بكەن بە ھۆی سەقامگیریی دۆخی ئەمنیی كوردستان لە چاو ناوچەكانی خوارووی عێراق."

گوتەبێژی یەكێتیی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دەشڵێت: "لە ئێستا ھاتنی كۆمپانیاكان بۆ ھەرێمی كوردستان دەستی پێكردووەتەوە و كۆمپانیا بیانییەكان دەیانەوێت بێن لە ھەرێمی كوردستان بەشداریی پڕۆژەكان بكەن و كاری وەبەرھێنان لە ھەرێم ئەنجام بدەن، كوردستانیش لە ماوەی ڕابردوودا دەستی بە چەند پڕۆژەیەك كردەوە."

فایزە كۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار