بوخاری عەبدوڵڵا: دانوستانەکانی ھەولێر و بەغدا لەسەر ئەنجامی ڕیفڕاندۆم دەبێ

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق پێی وایە، ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق ڕووی دا ڕووی ڕاستەقینەی سەرکردە شوڤێنییەکانی عێراقە لە ھەمبەر گەلی کوردستان و دەشڵێت، پێشتر عێراق دەیگوت ماددەی 140 مردووە و ئێستا داوای جێبەجێکردنی دەستوور لە ناوچە کوردستانییەکان دەکات، کە جێگەی قبووڵکردن نییە.
(بوخاری عەبدوڵڵا)، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق ڕووی ڕاستەقینە دەسەڵاتدارانی بەغدای لەبارەی ھەرێمی کوردستانەوە ئاشکرا کرد و، دەرکردنی ئەو بڕیارانە لە ھیچ شوێنێکی دەستووری ھەمیشەییی عێراقدا جێیان نابێتەوە، تەنیا بڕیاری سیاسین و عەبادی و پەرلەمانیش کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی سیاسەتی ئەو شۆڤێنیانەی دەمێکە دەیانویست سزای خەڵکی کوردستان بدەن، کە (نووری مالیکی)، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، یەکێکە لەو شۆڤێنییە عێراقییانەی دژی ھەرێمی کوردستانە.''
لەو 17 بڕیارەی پەرلەمانی عێراق دژی ھەرێمی کوردستان دەری کردوون، یەکێکیان تایبەتە بە ناوچەکانی سنووری ماددەی 140ی دەستووری عێراق و پەرلەمان دەسەڵاتی بە سەرۆکوەزیران داوە ھێز لەو ناوچانە بڵاو بکاتەوە. لەم بارەوە، (بوخاری عەبدوڵڵا) دەڵێت: ''عێراق خۆی دەستووری جێبەجێ نەکرد و دوای دە ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ماددەی 140ی دەستووردا، کە دەبوو لە ساڵی 2007دا ھەمووی جێبەجێ بکرێت، چەندین سەرکردەی عێراقی نەک ئامادە نەبوون ماددەکە بخەنە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵکۆ دەیانگوت تازە ماددەی 140 مردووە و کاتی بەسەر چووە، ئێستاش ھێزی پێشمەرگە ناوچەکەی بە زەبری ھێز و چەندین قوربانی لەدەست تیرۆریستانی داعش دەرھێناوە و بەرگریی لێ کردوون و ئامادە نین ڕادەستی سوپا و ھێزە عێراقییەکانی بکەنەوە.''
لە ڕۆژی 25ی ئەیلوولدا خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە بڕیاریان دا چارەنووسیان بەندە بە چارەنووسی گەلانی ھەرێمی کوردستانەوە و بە ڕێژەیەکی بەرز سەربەخۆیی دەنگی بەدەست ھێنا.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق ئەوەیشی ئاشکرا کرد: ''لە 25ی ئەیلوولدا خەڵکی سنووری ماددەی 140 بڕیاری خۆیان دا و، ئەگەر عێراق بڵێت دەستووریش جێبەجێ دەکەم بە ماددەی 140 ھێشتا مەعقوولترە و خۆیشی باش دەزانێت بڕیاری خەڵکی ناوچەکە چییە و چۆن دەبێت، لەبەر ئەوە بەھەڕەشە و بڵاوکردنەوەی ھێز زیان بە عێراق دەگات و تەنھا چارە ئەوەیە لەسەر ئەنجامی ڕیفڕاندۆم دانوستان بکرێت.''
قائید میرۆ




