شێروان حەیدەری: برسیکردنی خەڵک و قەدەغەکردنی ئاسمانی هەرێم، تەواو پێچەوانەی دەستوورە

هەولێر-KDP.info- وەزیری پێشووی دادی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، (شێروان حەیدەری)، ڕۆشنایی دەخاتەسەر ئەو خاڵە نادەستوورییانەی حکوومەت و پەرلەمانی عێراق بە تاکلایەنە دەیانەوێت بەسەر گەلی کوردستانیدا بسەپێنن و دەڵێت، لە ڕووی دەستوورییەوە ھیچ بنەمایەکی دەستووری نییە بۆ داخستنی خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان.
ھەرکاتێک عێراق نەیتوانیبێت لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە بەرەنگاری ھەرێمی کوردستان ببێتەوە پەنای بردووەتە بەر سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان و لە سەردەمی (مالیکی)شدا بڕیاری بڕینی مووچە و بوودجەی ھەرێمی کوردستان دەرچوو، بەڵام گەلی کوردستان سەرەڕای شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش، توانی بەرەنگاری سیاسەتی چەواشەکارانەی (نووری مالیکی)ش ببێتەوە.
(شیروان حەیدەری)، وەزیری پێشووی داد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پەرلەمان و حکوومەتی عێراق جەخت لەسەر دوو خاڵ دەکەنەوە بۆ ئەوەی سزای خەڵکی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بدەن بە تۆمەتی ئەوەی ڕیفڕاندۆمیان ئەنجام داوە، خاڵی یەکەم گرتنەوەی سنوورە نێودەوڵەتییەکان و خاڵی دووەمیش داخستنی ئاسمانی ھەرێمی کوردستان، کە بە پێی دەستوور بەڕێوەبردنی خاڵە سنوورییەکان دەبێ ھاوبەش بێت لە نێوان ھەرێم و بەغدادا، بەڵام چەندین ساڵە بەغدا خۆی بێدەنگ کردووە و نەیویستووە دەسەڵاتی بەسەردا ھەبێت، ئەگەرنا ھەرێمی کوردستان لاریی نەبووە لەوەی دەستوور جێبەجێ بکرێت، ھێلی ئاسمانیی عێراقیش نە ھاوکار بووە، نە ڕێگریشی کردووە، خێرە لەم کاتەدا بەغدا خۆی دەکات بە خاوەنی سەروەریی عێراق و داوای جێبەجێکردنی دەستوور دەکات بەسەر ھەرێمی کوردستاندا، پێشتر بۆچی داوای جێبەجێکردنی دەسەڵات بەسەر فڕۆکەخانە و سنوورەکانی ھەرێمی کوردستانیدا نەدەکرد، بەڵام خۆ دیارە ئەوان مەرامی خۆیان ھەیە.''
دەستووری عێراق گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی نێوان گەلانی عێراقە بۆ بەڕێوەبردنی عێراقی نوێ لەسەر بنەمای شەراکەت و بەڕێوەبردنی عێراق لە لایەن ھەموو پێکھاتەکانەوە، بەبێ پەراوێزخستنی ھیچ نەتەوە و پێکھاتەیەک، (شیروان حەیدەری) ئاماژەی بۆ بنەمای دەستووری عێراق کرد لەبارەی برسیکردنی خەڵکی کوردستانەوە و دەڵێت: ''لە ڕووی دەستوورییەوە ھەردووک خاڵەکە پێچەوانەی یاسا و دەستووری عێراقە، چونکە بە پێی دەستووری ھەمیشەیی عێراق، ھەموو ھاوەڵاتییەکی عێراقی ئازادە لە ھاتوچۆکردن و گواستنەوە لە نێوان شارەکانی عێراق و دەرەوەشدا و، داخستنی فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکان مەگەر بڕیاری سیاسی بێت، ئەگەرنا ھیچ پەیوەندیی بە دەستوورەوە نییە، نەک تەنیا پێچەوانەی دەستوورە، بەڵکو سزاکانی بەغدا پێچەوانەی ھەموو بنەماکانی مافی مرۆڤیشە، چونکە برسیکردن و قەدەغەکردنی ھاتوچۆ بەسەر خەڵکی ھەرێمی کوردستاندا بە ھەر بیانوویەک لەلایەن بەغداوە دەچێتە خانەی خیانەت لە میللەتی عێراق.''
قائید میرۆ




