كەركووك. هێڵی رووبەڕووبوونەوەی نێوان عیراق و هەرێمی كوردستان

لەندەن: معد فەیاز
و: شوكر سلێمان
(ناوچەی كێشە لەسەر)یان (ناوچەی تێكەڵ) یان (ناوچەی دابڕێندراو) چەند ناونیشانێكە بۆ یەك واتا، هەموو ئەو ناوانەش دەگەڕێنەوە بۆ یەك كێشە، كۆن و نوێ و بەیەكاچوو، بەو یارییە دەچێت وەكو دەڵێن: سندوقەكە پێویستی بە كلیلە، كلیلیش لای ئاسنگەرە، ئاسنگەریش پارەی گەركە، پارەش لای بوكێیە) كێشەكەش ئەوەیە لە سندوقەكەوە دەست پێبكەین، یان لەوەی دواییان، واتە بووكەكە، لە هەردوو حاڵەتەكە بۆمان دەردەكەوێت كە سندوق و بووكەكە واتای كەركوك دەگەیەنێت. ئەوەش واتای ئەوەیە كە بڵێین كەركووك سندوقی كێشەكانی كوردە لەگەڵ حكوومەتەكانی عیراقی و بەوەی ئێستایشەوە، ئەوەی ئەو سندوقەش بكاتەوە سەرجەم لوغزو تەلیسمەكان دەكاتەوەو بووكەكە دەباتەوە، ئەوەش هەر واتای كەركووك دەگەیەنێت، بەڵام ئەو ئاسنگەرە كێیە كە كلیلەكەیشی لایە، سەركردایەتی كورد سوورە لەسەر ئەوەی كە كلیلی چارەسەریەكە لە مادەی 140ی دەستووری عیراقی دایە، بە پێی قسەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە لەگەڵ رۆژنامەی (شەرق ئەلئەوست)ی ئەنجامدابوو دەڵێت: كەركووك هەمیشە ناكۆكی نێوان كوردو حكوومەتەكانی بەغدا بووە، بەڵام ئێستا ئێمە گەركمانە ئەو كێشەیە چارەسەر بكەین و نامانەوێ دوای بخەین، ئەو كێشەیە دەكرێ لە چوارچێوەی مادەی 140ی دەستووری چارەسەر بكرێت، ئەوە باشترین چارەسەری پرسی كەركووكە، بۆ ئەوەی تا ئەبەد لەو كێشەیە رزگارمان بێت، بەبێ چارەسەری كێشەی كەركووكیش بارودۆخی عیراق سەقامگیر نابێت.
كێشەی كەركووك بەهۆی دروستكردنی ئۆپراسیۆنەكانی دیجلە لە لایەن نووری مالیكیەوە لە ئێستادا قوولتربۆتەوە، زۆر لە سەردەمی رژێمی سەدام ئالۆزتر بووە كاتێ ئەو دەستی كرد بە گۆرینی دیمۆگرافیای ئەو شارەو چەندان شارو شارۆچكەی دیكەی كوردو توركمانەكان، بە تایبەتی كاتێ لە ساڵەكانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو كە گەورەترین پرۆسەی بە عەرەبكردنی ئەو پارێزگەیە دەستی پێكرد كاتێ ناوەكەی لە كەركووكەوە گۆڕی بۆ (تامیم) ئەوەش بۆ ئەو بڕیارەی خۆماڵیكردنی نەوت دەگەڕایەوە كە لەو سەردەمدا ئەنجامدرا، هەروەها چەندان ئیمتیازات و پارەی خەیاڵی خستە بەردەست هەر ماڵە عەرەبێك ئەگەر بچێتە كەركووك و لەوێ نیشتەجێ ببێت و تۆماری ناسنامەكەیشی بگوازێتەوە بۆ ئەو شارە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو كات هەندێ خێزانی عەشایری عەرەبی لە دەوروبەری كەركووك بە تایبەتی لە حەویجەو بەشێكی زۆر كەمیش لەنێو ئەو شارەدا دەژیان وەكو عەشیرەتی (حەدید)ی، بەڵام دوای ئەوە پرۆسەی بە عەرەبكردن زیادی كردو ناوچەكانی دەوروبەری كەركووكیشی گرتەوە وەكو خانەقین و نەفتخانەو جەلەولاو مەندەلی و هەروەها دابڕینی هەندێ شارو شارۆچكەش لە شارەكان و خستیە سەر پارێزگەكانی عەرەبی وەكو موسل و سەلاحەدین و دیالەو وێرانكردنی هەزاران گوندو سرینەیوەیان لەسەر نەخشەی فەرمی و چاندنی ناوچەكەش بە مین بۆ ئەوەی ئەو خێزانانە هەرگیز نەتوانن بۆی بگەڕینەوە.
كەركووك كە نزیكەی 240 كلم لە بەغداوە دوورە، شارێكە دەوڵەمەندە بە نەوت و یەكەم شار بووە لە عیراق نەوتی تێدا دۆزراوەتەوە كە لە بابا گوڕ گوڕ بووە، گەورەترین و كۆنترین كیڵگەی نەوتی بووە لە مێژووی عیراق، بۆیە سەرجەم حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق پێیان وابووە گرنگی پێدانی كورد بە گەڕانەوەی كەركووك بۆ سەر كوردستان هۆكارەكەی بۆ نەوتەكە دەگەڕێتەوەو دواتر ئەو سەربەخۆییە داراییە دەبێتە هۆكارێك بۆ جیابوونەوەیان، بەڵام نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رۆژنامەی (شەرق ئەلەئەوسەت) گوتی: نەوت تاكە هۆكار نییە، بەڵكو ئێمە جەخت لە ناسنامەی كوردستانیەتی كەركووك دەكەینەوە، بە بەڵگەی ئەوەی ئێستا هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز و جۆرەها سامانی سروشتی، ئێمە نەك هەر دەڵێن كەركووك كوردیە، بەڵكو دەبێژین شارێكی كوردستانیەو بە كوردستانیش دەمێنێتەوە ئەوەش ئەو راستیەیە كە هەموو كوردێك جەختی لێ دەكاتەوە.
چارەسەری كێشەی كەركووك كە لە مادەی 140ی دەستووری عیراقیدا هاتووە بە سێ قۆناغ دەبێت قۆناغی یەكەم ئاسایی بوونەوەو قۆناغی دووەم سەرژمێری و لە قۆناغی سێیەمدا راپرسی لەسەر چارەنووسی شارەكە ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە ئێستادا هەندێ لە سیاسییە عیراقییەكان پێیان وایە مادەی 140 كۆتایی هاتووەو دەبێت عیراق و هەرێمی كوردستان بیر لە چارەسەرێكی دیكە بكەنەوە، كوردەكانیش سوورن لەسەر ئەوەی كە تەنیا رێگە بۆ چارەسەری كێشەی كەركووك مادەی 140ــە.




