مالکی عێراق بەرەو کوێ دهبات؟

خەبات: نیا
پەیامەكەی نەورۆزی ئەمساڵی سەرۆك مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان، گۆڕەپانی سیاسی عێراقی بەجۆرێك ئاڕاستەكرد، كەچیدیكە دەسەڵاتی تاكڕەویی ناتوانێت حوكمی هەموو عێراق بكات بەو جیاوازییە نەتەوەیی و مەزهەبیەوە، كە پێكهاتە ئاڵۆزەكەی عێراقی پێك هێناوە. مشتومڕ و مانۆڕە سیاسیەكانی ئێستای عێراق، دەكرێت بە دوو دیودا خوێندنەوەیان بۆ بكرێت، ئەویش مانەوە و نەمانەوەیە، واتا نابێ مالیكی ببێتە سەددامێكی دیكە و یەخەی عێراقییەكان بگرێت، كە ئێستا زۆربەی هێزە سیاسیەكانی عێراق بە كورد و سووننەی عەرەبی و شیعەی عەرەبی، درك بەوە دەكەن، كۆتایی كورسیەكەی مالیكی دەتوانێت رێگری بكات لەسەرهەڵدانی دیكتاتۆرێكی نوێی. حەیدەر موللای گوتەبێژی لیستی عێراقییە، بەگەشبینیەوە دەڕوانێتە هەنگاوی وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی، ئەو لە لێدوانێكدا هێمای بۆ ئەوە كردووە، هەوڵێكی چڕ هەیە لە پێناو رێكخستنەوەی رەوشی سیاسی و حكوومەتی داهاتوو، كە ئاماژەن بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی. وەك سەرچاوەكانی هەواڵ لەسەر زاری بەرپرسانی لیست و هێزە سیاسیەكانی عێراق بڵاویان كردۆەتەوە، سەرۆك كۆماری عێراق راسپێردراوە، ئەنجوومەنی نوێنەران ئاگادار بكاتەوە لە دانیشتنێكی نائاسایی بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە حكوومەتەكەی مالیكی، بەپێی لێدوانەكەی موللا، ئەم هەنگاوەش نزیكترە، چونكە داوا لە هاوپەیمانی نیشتمانی كراوە، كەسێكی دیكە لە جێی نوری مالیكی دیاری بكات. موللا هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، مالیكی هیچ بوارێكی نەهێشتۆتەوە بۆ ئەنجامدانی چاكسازی سیاسی. حەیدەر ئەوەی نەشاردۆەتەوە، هەنگاوە كردارییەكان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی قۆناغێكی بڕیوە و نزیكە لە جێبەجێكردنەوە. بەڵام پرسیاری سەرەكی لەم هاوكێشەیەدا ئەوەیە، تەنیا خودی مالیكی هۆكارە یاخود هەندێك كەس و لایەنی دیكەیش، نموونە حوسێن شەهرستانی و چەند وەزیرێكی دیكەی باڵا دەست لە ناو حكومەتەكەی مالیكی، یاخود ئەو جێگرەوەیە چۆن دەتوانێت هاوسەنگیەكە رابگرێت بەشێوەیەك هەموو پێكهاتەكانی عێراقی بتوانن مامەڵەی لەگەڵ بكەن، یاخود وڵاتانی هەرێمایەتی كە زۆرترین دەستێوەردانیان لەكاروباری سیاسی عێراق هەیە، چەندە رازی دەبن بە گۆڕینی مالیكی؟ بۆ هەریەكە لەم پرسیارانە، رووداوەكانی ئایندە ئاشكرای دەكەن، بەڵام وەك چاودێران دەڵێن: ئەستەمە مالیكی بەشێوەیەكی دیموكراسی دەست لەو پۆستە هەڵگرێت. كورد لەم بابەتەدا روئیایەكی روون و ئاشكرایی سیاسیانەی هەیە، بەتایبەتی دوای وتارەكەی نەورۆزی سەرۆك بارزانی، كە ئاماژەی زۆر بابەتی تێدا بوو، وەك ئەوەی چیدیكە كورد لە عێراقێك ناژێت ئەگەر حكوومەتێكی ناوەندی تاكڕەویی بیەوێ بەهێز خۆی بەسەپێنێت، كە ئەمەش یەكێكە لە هەنگاوەكانی نوری مالیكی، ئەندامێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشێوەیەك ئەم بابەتە شرۆڤە دەكات، كە كۆتاییهێنانە بە قەیران، خودی قەیرانەكەش نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانە، واتا كورد بەشی سوڕێنەری ئەم بابەتەیە، مەحما خەلیل لەم بارەیەوە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، ئێستا مانۆڕە سیاسیەكان بۆ ئەوەیە یەكڕیزییەك لەبارەی هەنگاوەكانی داهاتوو دروست بكرێت لە نێوان هێز و پێكهاتەكانی عێراقی، ئەم ئاماژەیە ئەوەمان بۆ ڕوون دەكاتەوە، كورد كار بۆ قۆناغی داهاتووی دوای مالیكی دەكات. گوتەبێژێكی ویفاقی نیشتمانی، كە حزبەكەی ئەیاد عەللاوی سەرۆكی لیستی عێراقییە، ئاشكرای دەكات، ترسی هێزە سیاسیەكان بۆ دوای نوری مالیكی نیشاندەدات، هادی زاڵمی لە لێدوانێكدا گوتوویەتی: بڕیاری وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی لە ئارادایە و هێزە سیاسیەكان كۆكن لەسەری، بەڵام هێزە سیاسیەكان ترسیان لەوە نییە، كە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی یاسایی دەهێنێت یاخود ناهێنێت، بەڵكو ترسەكە بۆ دوای نوری مالیكیە. عەممار حەكیم سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی پێچەوانەی هەموو بۆچوونەكان، لێدوانەكانی ئاڕاستەی میدیاكان دەكات، ئەگەرچی حەكیم و حزبەكەی زۆریان بەدەست حكوومەتەكەی مالیكیەوە چەشتووە، بەڵام پێیانوایە كۆبوونەوەی شارەكان(هەولێر- نەجەف- مووسڵ) هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێت، حەكیم لە دوا لێدوانیدا گوتوویەتی: حكوومەتی زۆرینە چارەسەر نییە، بەبڕوای ئەو پێكهێنانی واتە بەشدارینەكردنی پێكهاتەیەك لە ئیدارەی دەوڵەت، حەكیم ئەمەشی بۆ ئەوەگەڕاندۆەتەوە، هەموو هێزە سیاسیەكان نوێنەرایەتی گەلانی عێراق ناكات. وەك حەكیم دەڵێت: لێسەندنەوەی متمانە لە مالیكی لە كۆبوونەوەی شارەكاندا، ئاماژەیەكی ڕوون نین، دەبێ لەرێگای ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بێت. لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیشدا دەنگێك لە ئارایە بۆ یەكلاییكردنەوەی قەیرانەكەی عێراق، ئەویش بەوەرگرتنەوەی متمانە لەحكوومەتەكەی مالیكی، بەگوتەی جەواد بەزونی بێلایەنی نێو ئەنجوومەنەكە، دوای كۆتایی پشووی فەرمی ئەنجوومەنی نوێنەران، هێزە سیاسیەكان كار بۆ سەندنەوەی متمانە لە مالیكی دەكەن، بەبڕوای ئەو ئەندامە بێلایەنە، بۆ جێگرتنەوەی مالیكی، هەریەكە لە ئیبراهیم جەعفەری سەرۆكی رەوتی چاكسازی و ئەحمەد چەلەبی سەرۆكی كۆنگرەی نیشتمانی، بەهێزترین كاندیدن، هەر ئەو ئەندامە ئەوەشی گوتووە: مالیكی توانای وەڵامدانەوەی داواكارییەكانی هێزە سیاسیەكانی نییە، بۆیە باشترە متمانەی لێوەربگرنەوە. بەپێی قسەی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نوری مالیكی هۆكاری قەیرانەكەیە، بۆیە ئوسامە نوجێفی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، مۆڵەتی یەك هەفتە بە هاوپەیمانی نیشتمانی دراوە، بۆ گۆڕینی مالیكی و كاندیدكردنی كەسێكی دیكە بۆ جێگرتنەوەی. بەگوتەی نوجێفی، هێز و لایەنە سیاسیەكانی عێراق كۆكن لەسەر ئەوەی دەبێت مالیكی ئەو پۆستە بەجێبهێڵێت. بەگوتەی مەیسون دەملۆجی گوتەبێژی لیستی عێراقییە هەریەكە لە سەرۆكی كوردستان و سەرۆكی لیستی عێراقییە و رێبەری سەدرییەكان و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق واژوویان لەسەر گۆڕینی مالیكی كردووە و وەك داوایەكیش پێشكەش بە هاوپەیمانی نیشتمانی كراوە، دەملۆجی دەڵێت: بەڕێزان مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان و ئەیاد عەللاوی سەرۆكی لیستی عێراقییە و موقتەدا سەدری رێبەری سەدرییەكان و ئوسامە نوجێفی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق واژوویان لەسەر داوایەك كردووە بۆ گۆڕینی مالیكی و داواكارییەكەش ڕەوانەی هاوپەیمانی نیشتمانی كراوە و مۆڵەتی یەك هەفتەیش دیاری كراوە. لەبەرامبەر ئەم هەڵمەتە فراوانەی پرسی وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی، لیستەكەی بە توندی وەڵامدەدەنەوە و پرۆسەكە بە خەون و خەیاڵ دەزانن، مەحمود ئەلحەسەنی ئەندامی لیستی دەوڵەتی یاسا سەندنەوەی متمانە لە نوری مالیكی بە خەیاڵ و دوور لە لۆژیك دەزانێت و دەڵێت: سەركردە دیارەكانی عێراق داوای سەندنەوەی متمانە لە نوری مالیكیان نەكردووە و ئەوەش هەیە تەنیا راگەیاندنە ئەو بابەتەی وروژاندووە و شتێكی خەیاڵی و خەون و نالۆژیكیە. لە دوای كاردانەوەشدا، بەگوتەی سەرچاوەكانی هەواڵ عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان داوای لە موقتەدا سەدر كردووە، واز لە مالیكی بهێنێت و درز نەخاتە نێو ریزەكانی شیعەوە. ئەو هەڵوێستەی سیستانی تەنیا چەند میدیاك بەناڕوونی بڵاویانكردۆەتەوە و دەڵێت: سیستانی نامەیەكی بۆ سەدر نووسیوە و دەڵێت: درز نەخەنە ناو ریزەكانی شیعە و لەرێگای گفتوگۆوە چارەسەری كێشەكان بكەن و هەوڵی چاككردنەوەی حكوومەتەكەی مالیكی بدەن.




