شەرمەزاریی "نەخێر"

ئازا حەسیب قەرەداخی
لەبارەی سەربەخۆییەوە دوو بەرە لە ناو کایەی سیاسیی کوردستاندا دروست بووە و، هیچ بوارێکیش بۆ مانۆڕی سیاسی و شاردنەوەی ئیعلامی نەماوە.
ئەوانەی لەگەڵ سەربەخۆییی کوردستاندان کە زۆرینەی خەڵکی کودستانن، لە بەرانبەر هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەی ئەم لاو ئەولا راوەستاونەتەوە و، بێ پسانەوە دووپاتی دەکەنەوە کە ٢٥ـی ئەیلوولی داهاتوو ریفراندۆم دەکەن و بە بەڵێ دەنگ بە سەربەخۆییی کوردستان دەدەن و، تا ئەو کاتەش لە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێدیاییدا شێلگیرانە خەبات دەکەن و گوتاری خۆیان بە پاساوی یاسایی و سیاسی لەسەر بنەمای نموونە تاڵ و کارەساتبارەکانی ئێستا و رابردووی دوور و نزیکی عێراق پڕ دەکەن. بە شانازییشەوە باسی ئەوە دەکەن کە نەوەی شۆڕشەکان و پێشمەرگایەتی و شەڕی لەناوبردنی داعش و خەباتی مەدەنی و بونیاتنانن، ئێستا شای شانازییەکانیشیان بە بەر دەبڕێ و دەبنە نەوەی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان.
بەرەکەی تریش بە هەمان گوڕ و تینەوە دژ وەستاون و هەموو توانا سیاسی و مێدیایی و تەنانەت کۆمەڵایەتییەکانیان خستۆتە گەڕ بۆ شکستهێنان بە ریفراندۆم و نەگەیشتن بە سەربەخۆیی. ئەمان بڕیاریان داوە ئەگەر ریفراندۆم بکرێ بە "نەخێر" دەنگ بدەن.
هەرچییش بۆ پاساوی ئەم بڕیارەیان دەڕازێننەوە، ناتوانن دوو پێدراو بشارنەوە:
یەکەم: ئەوەی کە ئەمان هەر لە بنەڕەتدا پڕۆژەی سیاسی نین بۆ ئایندە. پرۆژەی خودان روانگە نین بۆ سەربەخۆیی. پرۆژەی خاوەن ئیرادەی خۆیی نین.
دووەم: دەیانەوێ بەم نەخێرەیان شکست بە پرۆژەی سەربەخۆییی کوردستان بهێنن، چونکە بە قەولی خۆیان پرۆژەی (مەسعوود بارزانی)ـیە. بە واتایەکی تر دەیانەوێ بە "نەخێر بۆ سەربەخۆیی" قەرەبووی شکستی شەڕی جۆراوجۆری سێ ساڵی رابردوویان بۆ شکاندنی شکۆی بارزانی بکەنەوە.
هەژاریی ئەم بەرەیە لەوەدایە، هەرچیی دەکەن ناتوانن ئەم دوو پێدراوە لە کایەی سیاسی و مێدیاییاندا بشارنەوە. ئەو هەموو بەرگەی سیاسی و ئابووری و ئەمنییەی بە بەردا دەکەن کەچی زەق زەق پێیانەوە دیارە. ئەم دوو پێدراوە چارەسەر ناکرێن.
چونکە یەکەمیان کێشەی روانگەیە. روانگەش لەم دوو مانگەدا دروست ناکرێ. ئەویتریش کینە و حیقدە و بەم دەستوبردە ناڕەوێتەوە. بۆیە باشتر وایە، بۆ ئەوەی ژیانی سیاسیمان نەشڵەژێ و ئاراستەکە ون نەکات و بە بابەتی لاوەکییەوە خەریک نەبێ، بەرەی یەکەم کە پشتئەستوورە بە هەموو لێکدانەوە و پێدراوە کوردستانی و عێراقی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانەوە و دڵنیایە بە سەرکەوتنی سەربەخۆیی، لێگەڕێ بەرەی دووەم نەخێرەکەی خۆی بڵێ. با بە شەرمەزاریی "نەخێر"ەکەیەوە ببێتە حزبی سیاسی لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا و رووبەڕووی دەنگدەران و مێژوونووسان و لێکۆڵەرەوان و نەوەی داهاتوو بێتەوە. ئەوسا پرسیار زۆرن و وەڵام کەم و شەرمەزارییش لە هەمووی زیاتر.
لە ڕۆژنامەی هەولێر وەرگیراوە




