٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دەستتێوەردان، سیاسەتێكی نابووت

سەرچاوە: KDP.info

ئاریان فەرەج
سەرەكیترین هۆكاری بێئۆقرەییی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەد ساڵی رابردوودا، سیاسەتی دەستوەردان بوو كە یەكسانە بە خۆسەپاندن و نادیتەگرتنی ئیرادەی گەلانی ناوچەكە و بڕیاری ملهوڕانە بەسەر موقەدەرات و چارەنووسیاندا.

بە درێژایی ئەو سەدساڵە، هیچ نەما نەكرێ و رێگە نەما نەگیرێتەبەر بۆ ئەوەی سیاسەتی دەستوەردان و ژێرپێنانی ئیرادەی گەلان سەربگرێ و ئامانج بپێكێ، كەچی نەك هەر سەرینەگرت و ئۆقرەیی و ئارامی سیاسی لە ناوچەكەدا نەهێنایەدی، بەڵكو ناوچەكەی كردە ژینگەی بەرهەمهێنەری توندرۆیی و عونفی سیاسی و مەزهەبی و دواجاریش كۆی ئاشتی و بەرژەوەندییەكانی جیهانی پێش ژیانی خودی گەلانی ناوچەكەی خستەبەر مەترسیی راستەقینە.

رۆژئاواییەكان لە كۆتاییدا لە دەرسەكە تێگەیشتن: دەستوەردان و بەزۆر سەپاندنی سیستمگەلی نامیللی و نابەدڵی گەلان، گەر بۆ ماوەیەكیش ئارامییەكی رێژەیی بە زەبری سەركوتكاری دابین بكات، بەڵام ناچێتەسەر و لە كۆتاییدا كاردانەوەی مەترسیداری لێ دەكەوێتەوە. دەستوەردانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت ناوەڕۆك و پێناسەكەی بگۆڕێت و لە جیاتی سەپاندن و نادیتەگرتنی ئیرادەی گەلان، دەبێ لە پێناو و بۆ خاتری سەرخستنی ئیرادە و ویست و بڕیاری گەلانی ناوچەكە بێت و هەر بەوە سەقامگیری دێتەدی و هەر ئەوەش بەرژەوەندییەكانی ئەوانیش دەپارێزێ.

هێزە ئیقلیمییەكانی ناوچەكە هێشتا لەم وانەیە نەگەیشتوون یان نایانەوێ تەسلیمی بن، بۆیەش هێشتا دەستیان لە دەستتێوەردان هەڵنەگرتووە. هێشتا باوەڕیان بەو راستییە نەهێناوە كە هەر دەوڵەتێك دەبێ ئاساییشی نەتەوەیی خۆی بە ئاشتبوونەوەی نێوخۆیی لەگەڵ گەلی خۆی دابین بكات نەك لە رێی تەدەخول و پەلهاویشتن بۆ دەوروبەر و دروستكردنی پشتێنەی ئەمنی بە دەوری خۆیدا و پێی وابێت بەوە ئەمن و وجودی پارێزراو دەبێت.

كۆنگرەی (عەرەب و ئیسلام و ئەمریكا) ی ئەم دواییە لە عەرەبستانی سعوودیا، خاڵی لەسەر ئەم پیتە دانا و بە راشكاوی بانگەشەی كۆتاییهێنان بەدەستتێوەردانی ئیقلیمی، كردە پرەنسیپێكی سەرەكی لەو پێكهاتن و گەڵاڵەنامەیەدا كە بە ناوی (ئیعلانی ریاز) راگەیاندرا.

ئێران كە ستراتیجبینەكانی، پێكهێنانی پشتێنەی ئەمنی و هیلالی مەزهەبی بە دەوری وڵاتی خۆیاندا بە زەرورەتی ئەمنیی قەومی ئیران دەزانن، ئێستا لەبەردەم ئەو رەتكردنەوە دەستەجەمعیەدان كە رۆژئاوا و جیهانی ئیسلام بەرامبەر سیاسەتی دەستوەردان گرتوویانەبەر و رەنگە چیتر قبووڵی نەكەن.

لەم ناوچەیەدا چەمكی (هێزی ئیقلیمی) زیاد لە وڵاتێك دەگرێتەوە: ئیران، توركیا، عەرەبستانی سعوودیا، میسر. سەروەختێك عێراقی سەددامییش كەڵكەڵەیەكی وای هەبوو. هەر یەك لەوانە لە دەیان ساڵی رابردوودا بە شێوازی جۆراوجۆر و بە ناوی پاراستنی ئەمنی قەومییەوە، دەستیان لە دەوروبەر و دورتریش وەرداوە.

میسرییەكان لە سەروەختی عەبدولناسردا، تا یەمەن چوون. توركیا تا سەروەختی (بە سفركردنی كێشە لەگەڵ دەوروبەر) بە چوارلای خۆیدا دەستیوەردەدا.

سعوودیا لە رێی تەمویل و هەناردەكردنی توندڕۆییەوە، درێغی نەكرد، سەددام تا حەددی داگیركردنی كوەیت پەلی هاویشت. ئێران لە سەردەمی (هەناردەكردنی شۆڕش)ـەوە تا نەخشەكێشانی (هیلالی شیعە) بەردەوامە و ئێستا لە هەموان تۆمەتبارترە بە تەدەخول و فراوانخوازی و خۆهەڵقورتاندن.

سادەترین حەقیقەت بۆ باوەڕهێنان بە نابووتی و بێ جەدوایی سیاسەتی دەستتێوەردان ئەوەیە كە هیچ ووڵاتێك لەم ناوچەیەدا ناتوانێ ئەمن و ئیستقرار و وجودی خۆی لەدەرەوەی سنوورەكانی خۆی بپارێزێ. ئەوە جگە لە بەهەدەردانی جوهدی ماددی و بەشەری و زیادكردنی دوژمنداری، هیچی لێ بەدینایەت.

ئیستقرای راستەقینە و بەردەوامی هەر وڵاتێك لە ئاشتەوایی نێوخۆیی و رەزامەندیی میللی و پەیوەندیی پتەوی نێوان دەستەڵات و گەلی ئەو وڵاتەدایە. ئۆقرەییی سیاسی بەرهەمی حوكمڕانیی باش و ئاشتەواییی نێوخۆییە نەك هێز و هەژموون و پشتێنەی ئەمنیی دەرەكی.

 

هەواڵی پەیوەندیدار