ڕۆمیۆ هەکاری: قسەکانی مووسەوی ڕەگەزپەرستانەیە و جیاوازی نییە لەگەڵ داعش

ههولێر-KDP.info- بەرپرسێکی باڵای کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان، ڕەخنەی توندی لە دوالێدوانی سەرۆکی دیوانی وەقفی شیعی لە عێراق گرت و بە لێدوانێکی ڕەگەزپەرستانەی وەسف کرد.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 'ناوەندی هەواڵی ئازاد'، (ڕۆمیۆ هەکاری) سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی بێت نەهرێن ڕایگەیاند قسەکانی (عەلا مووسەوی) سەرۆکی دیوانی وەقفی شیعی لە عێراق، ڕەگەزپەرستانەیە و دەچێتە خانەی بیروبۆچوون و باوەڕ و ئایدۆلۆژیای داعش و کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر کولتووری پێکەوەژیان لە عێراق کە لە ئێستادا لەسەر ئاستی ناوچەکانی دیکەی عێراق لاوازە.
لەو ڕووە، داوای لە (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای حکوومەتی عێراق کرد کاردانەوەی توندیان هەبێت لەسەر لێدوانەکەی (مووسەوی) و کپکردنی ئەو بۆچوون و تێڕوانینانە کە خزمەت بە هیچ لایەک ناکات. بە پێویستیشی زانی ناوبراو داوای لێبوردن لە کریستیانەکان و پەیڕەوانی سەرجەم ئایینەکانی دیکە بکات.
هەر لە لێدوانەکەیدا، (ڕۆمیۆ هەکاری) تیشکی خستەسەر بارودۆخی کریستیانەکان لە پارێزگای نەینەوا کە لەئێستادا زیاتر لە 200 هەزار کەس لە کریستیانەکانی ئەو ناوچانە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و ڕوویان لە ناوچە ئارامەکانی هەرێمی کوردستان لە هەر سێ پارێزگای دهۆک، هەولێر و سلێمانی کردووە.
دوای تێپەڕبوونی حەوت مانگ لە دەستپێکردنی پڕۆسەی ئازادکردنەوەی ناوچەکانیان، بەرپرسە باڵاکەی حزبی دیموکراتی بێت نەهرێن، جیاواز لەو ناوچانەی کە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و هێزە کریستیانەکانەوە ئازاد کراون، هۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارە مەسیحییەکانی سنووری پارێزگای نەینەوا بەتایبەت هەردوو شارۆچکەی بەرتللە و حەمدانیەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بەشێک لە خانووەکانی ئەو ناوچانە سووتێنراون و کەلوپەلەکانیان بە تاڵان براون.
ناوبراو ڕایگەیاند ڕێگرییەکان لە کاتێکدایە کە ئەو ناوچانە لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراقەوە ئازاد و کۆنتڕۆڵ کراون. هەروەها دووپاتی کردەوە ئەگەر هاوکاری بکرێن، نزیکەی لەسەدا 95ی ئاوارەکان ئامادەن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی پێشتری خۆیان.
سەبارەت بە داهاتووی ناوچەکە لەڕووی سیاسی و ئیدارییەوە، ڕۆمیۆ هەکاری سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی بێت نەهرێن، جەختی لەسەر گرینگیی نوێکردنەوەی پارێزگای دەشتی نەینەوا کردەوە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی داعش لە ناوچەکە. ئەوەشی دووپات کردەوە کە ئامادە نین لە سەر هەمان سیستەمی پێشووی پارێزگای نەینەوا بمێننەوە، چونکە هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ دووبارە نەبوونەوەی کارەساتەکان لەسەر کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا، لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە داواکارییەکەیان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لێدەکرێت.




