٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

فەڕەنساییەکان سەرۆک هەڵدەبژێرن

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ یەکشەممە، فەڕەنساییەکان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، یەکێک لە دوو بەربژێرەکە، (ئیمانوێل ماکڕۆن)ـی کاندیدی سەربەخۆ و (مارین لوپێن)ـی کاندیدی پارتی بەرەی نیشتمانیی فەرەنسا هەڵدەبژێرن.

ڕاپرسییەکان ئاماژە بە سەرکەوتنی (ماکڕۆن)ـی ٣٩ ساڵ بە ڕێژەی ٦١،٥ و ٦٣ لە سەدی دەنگەکان دەدەن کە پیشتر وەزیری ئابووری بووە. هەرچیی (لوپێن)ـە پێشبینیی کراوە ڕێژەی دەنگەکانی لە نێوان ٣٧ بۆ ٣٥،٥ لە سەدی دەنگەکان بباتەوە.
بەڵام دەنگدانی ەلناکاوی بەریتانیاییەکان بۆ چوونە دەر لە یەکێتیی ئەورووپا و، سەرکەوتنی چاوەڕواننەکراوی (دۆناڵد ترامپ) بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، وا دەکەن بە هەستیارییەوە لە ڕاپرسییەکان بڕوانرێ.
ئەوەی کە ئەم هەڵبژاردنە لەوانی پێش خۆی جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە، یەکەم جارە لە ماوەی نزیکەی ٦٠ ساڵی ڕابردوودا، هەردوو حزبی سۆشیالیست و کۆمارییەکان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا بەشدار نابن.

هەردوو کاندیدەکە جاخت لە نوێبوونەوە دەکەنەوە، لە هەمان کاتدا (ماکڕۆن) داکۆکی لە بازرگانیی ئازاد و قووڵکردنەوەی یەکێتیی ئەورووپا دەکات، (لوپێن)ـیش جیهانگەرایی و کۆچبەری سەرکۆنە دەکات.
لە ٨ـی ئەم بەیانیی یەکشەممەوە تا ٨ـی ئێوارە بە کاتی فەڕەنسا دەرگاکانی بنکەکانی دەنگدان بە ڕووی نزیکەی سەدا ٦٨ـی بەشداربووان کە دەکاتە نزیکەی ٤٧،٥ملیۆن دەنگدەردا کراوە دەبن.
تا کاتی تەواوبوونی کاتی دیارکراو بۆ دەنگدان یاسای فەڕەنسا ڕێ بە بڵاوکردنەوەی هیچ ئەنجامێک نادات جگە لە ڕێژەی بەشداربووان نەبێ.
دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی فەڕەنسا هاوکاتە لەگەڵ کۆتایی ماوەی ویلایەتی سەرۆک(فڕانسوا ئۆلاند) کە ١٤ـی ئایارە.

هەواڵی پەیوەندیدار