ئەردۆغان: "١٦ی نیسان سەرکەوتنی گشت تورکیایە"

ئیستانبووڵ-KDP.info- پاش دەرکەوتنی ئەنجامی ڕاپرسییەکەی دوێنێ لەبارەی دەستوورەوە (رەجەب تەییب ئەردۆغان) رایگەیاند، لە ١٦ی نیساندا ئەوەی بە 'بەڵی' یان بە 'نەخێر' دەنگی دا، سەرکەوتنە بۆ ٨٠ ملیۆن هاووڵاتی لە ٨١ پارێزگا و ٧٨٠ هەزار کیلۆمەتر دووجای خاک. هەروەها ئەو هاووڵاتییە تورکانەی کە لە دەرەوەی وڵات دەژین بەشێکن لەم سەرکەوتنە.
سەرکۆماری تورکیا (رەجەب تەییب ئەردۆغان) لەبارەی ئەنجامەکانی ڕاپرسیی تورکیا لە گوتارێکدا کە لە کۆشکی ھوباری شاری ئیستانبووڵ پێشکەشی کرد، ھیوای خواست ئەنجامەکانی ڕاپرسیی ١٦ی نیسان ببێتە مایەی خێر بۆ گەل و وڵات.
ئەنجامی ڕاپرسییەکەی دوێنێ بەمجۆرە بوو، ٢٤ ملیۆن و ٣٢٦ هەزارو ٢٥١ کەس بە 'بەڵێ' و ٢٣ ملیۆن و ١٧٣ هەزار و ١٢٤ کەسیش بە 'نەخێر' دەنگیان دا. ئەمە لە کاتێکدا کە دەنگی ٨٤٩ هەزار و ٤٧٧ کەسیش پووچەڵکرانەوە.لە ناوەوەی تورکیا رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە سەدا ٨٧.٢٨ بوو، کە بە رێژەی لە سەدا ٥١.٢١ بە 'بەڵێ' و بە رێژەی لە سەدا ٤٨.٧٩ش بە 'نەخێر' دەنگیان دا.
رێژەی کردنەوەی سندووقەکانی دەنگدان لە دەرەوەی وڵات سەدا ٦٤،٣٦ بووە. بەم پێیەش بە ٣٧٦ ھەزار و ٤٩٣ دەنگی بەڵێ دراوە کە دەکاتە سەدا ٥٩،٠٢ ی دەنگەکان. ھەروەھا ٢٦١ ھەزار و ٤٣٢ دەنگیش کە دەکاتە رێژەی سەدا ٤٠،٩٨ وەک دەنگی نەخێر دراوە.
(ئەردۆغان) رایگەیاند کە گەلی تورکیا بە ئیرادەی ئازادی خۆیان چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و گوتی: "گەلەکەمان جارێکی دیکە لە دۆخێکی زۆر زۆر ریزپەڕانەدا بە ئیرادەیەکی بەھێزەوە چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان. بە ئیرادەی ئازادانە بۆچوونی خۆیان لەبارەی گەڵاڵەنامەی گۆڕانکاری دەستوور خستە روو کە لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە پەسەند کرا. بەپێی ئەنجامە نافەرمییەکان دەردەکەوێت کە بە نزیکەی ٢٥ ملیۆن دەنگی 'بەڵێ' و بە جیاوازی یەک ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار دەنگ گەڵاڵەنامەی گۆڕانکارییەکانی دەستوور دەنگی پێ درا. پێشەکی سوپاسی ھەر تاکێک دەکەم کە چووەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان و مومارەسەی ئیرادەی خۆی کردووە".
(ئەردۆغان) راشیگەیاند کە ئەمڕۆ تورکیا بڕیارێکی مێژوویی داوە و گوتیشی: "ئەمڕۆ تورکیا بڕیارێکی مێژووییدا لەبارەی سیستمی حکوومەت کە بابەتێکی کۆن و جێ مشتومڕی ٢٠٠ ساڵییە. ئەم بڕیارە بڕیارێکی ئاسایی نییە. ئەمڕۆ رۆژێکە تیایدا بڕیاردرا لەسەر گۆڕین و وەرچەرخانی زۆر جددی لە سیستەمی حکوومەت".
(ئەردۆغان) ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم گشتپرسییە بووەتە سەرکەوتنێک بۆ گشت گەلی تورکیا. گوتیشی: "لە ١٦ی نیساندا ئەوەی بە 'بەڵی' یان بە 'نەخێر' دەنگی دا، سەرکەوتنە بۆ ٨٠ ملیۆن ھاووڵاتی لە ٨١ پارێزگا و ٧٨٠ ھەزار کیلۆمەتر دوجای خاک. ھەروەھا ئەو ھاووڵاتییە تورکانەی کە لە دەرەوەی وڵات دەژین بەشێکن لەم سەرکەوتنە".
سەرکۆماری تورکیا، باسی لە گرینگیی ئەم ڕاپرسییە کرد و گوتی: "وەک ئەمڕۆ لە کاتی دەنگداندا باسمکرد، ئەم گۆڕانکاریەی دەستوور گۆڕێنێکی ھەروا نییە. ئەمە جیاوازە و زۆر زۆر واتادارە. لە مێژووی تورکیادا بۆ یەکەمجار گەلەکەمان بڕیاریدا لەسەر گۆڕینێکی لەو شێوەیە ئەویش بە ئیرادەی پەرلەمان و گەلەکەمان. لە رابردوودا دەستوورەکەمان و سیستەمی حکوومەت لەچوارچێوەی ئەو دەستوورەدا یان لە ھەلومەرجی جەنگی رزگاریدا و دوایی ئەو لە باری نائاساییدا دیاریکراوە، یان لە قۆناغی کودەتادا. لە مێژووی کۆماریماندا بۆ یەکەمجار بە دەستی سیاسیی مەدەنی سیستەمی حکوومەتمان دەگۆڕین. ئەوە لەو رووەوە زۆر زۆر گرنگە".
(ئەردۆغان) گوتیشی: "ھەڵبەتە گشت ئەو دەنگانەی دراون گرینگن، بەڵام لێرەوە جەختی زیاتر لە گرینگیی دەنگەکانی ناوچەکانی رۆژھەڵات و باشووری رۆژھەڵاتی تورکیا دەکەمەوە. کاتێک سەیری ھەڵوێستی پارتە سیاسییەکان دەکەین لە ڕاپرسیی وڵات، لە گشت پارێزگاکانی ناوچەی باشووری رۆژھەڵاتی ئانادۆڵو، رێژەی دەنگەکان سەدا ١٠ تا ٢٠ زیادی کردووە. ئینشائەڵا ئەم ئەنجامانە دەبێتە موژدەی دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە وڵاتەکەمان".
(ئەردۆغان) سوپاسی خۆی ئاراستەی گشت دەنگدەران کرد و گوتی: "سوپاسی خۆم ئاراستەی ھەموو ئەو کەسانە دەکەم کە ھەم چوونەتە پرۆسەی دەنگدانی گشتپرسییەکە و ھەم چوونەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە 'بەڵێ' دەنگیان دا، بەھۆی نیشاندانی متمانە و روو بە خەندەیییان بەناوی خۆمەوە بە تایبەتی سوپاسیان دەکەم. ئەو ئیرادەیە بە دەنگی 'بەڵێ' لەلایەن گەلەکەمانەوە بۆ پەسەندکردنی سیستەمی حوکمڕانی سەرۆکایەتی لەلای ئێمە بەھایەکی جیاوازی ھەیە".
(ئەردۆغان) زیاتر گوتی: "بە سیستەمی حوکمڕانیی سەرۆکایەتی دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەری بە تەواوی لە یەکتر جیا دەکرێنەوە. ئەم سێ دەسەڵاتە، بە ھەماھەنگی و ھاوکاری لەو کارانەی بەیەکەوە دەیکەن خزمەتی یەک ئامانجی ھاوبەش دەکەن کە یەک گەل، یەک ئاڵا، یەک نیشتیمان، یەک دەوڵەتە".
(ئەردۆغان) راشیگەیاند کە لە سبەی بەولاوە لەجیاتی خۆماندووکردن لەگەڵ مشتومڕە بێماناکان، پێویستە ھەموو کەسێک لەسەر ئەم ئامانجە چڕ بێتەوە و گوتی: "بە ھەمان شێوە داوا لە وڵاتانی دیکە و دەزگاکان دەکەم رێز لە بڕیاری گەلەکەمان بگرن. ھاوکات چاوەڕێی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان بە تایبەتی لەبارەی بەرەنگاربوونەەی تیرۆر لەو وڵاتانە دەکەین کە وەک ھاوپەیمان قبووڵیان دەکەین بۆ ئەوەی لەوبارەیەوە ھەوڵەکانیان بۆ بخەینەگەڕ".
سەرکۆماری تورکیا، ئاماژەی بەوەشدا کە تورکیا تا خۆی بە خاوەنی گەل و ئەو ئەنجامەی لە سندووقەکانی دەنگدان دەرچووە دابنێت. ئەوا توانای چارەسەرکردنی گشت کێشە و قەیرانەکانی دەبێت. لەمبارەیەوە زیاتر گوتی: "دوانموونەی ئەمەش، بەروونی لە ھەوڵی کودەتای ١٥ی تەمووز بینیمان. گشتپرسی ١٦ی نیسان دەرخەری ئەوەیە کە گەلەکەمان پاڵپشتی لە داھاتووی خۆی کردووە".
(ئەردۆغان) لە درێژەی گوتارەکەیدا گوتی: "گشتپرسی تەواوبوو و، ئەو مشتومڕانەی لەو ماوەیەدا دروستبوون بوونە رابردوو. بەڵام لە پێشماندا قۆناغێکی زۆر نوێ ھەیە. وەک دەزانرێت ھەموو ماددەکانی گۆڕینی دەستوور خێرا ناچنە واری جێبەجێکردنەوەوە. بەتایبەتی ئەو گۆڕانکارییانەی پەیوەستن بە سیستەمی حکوومەتی سەرۆکایەتی کۆمارەوە، ئەوە بەو ھەڵبژاردنەی پێشبینی دەکرێت لە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ ئەنجام بدرێت دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. تا ئەو بەروارەش زۆر کار ھەیە لەبەردەمماندا کە پێویستە ئەنجام بدرێن. لەبەرئەوەی لە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا ھەرکەسێک دەبێتە داواکاری حکوومەتی ئەم وڵاتە پێویستە بە ئامادەکارییەکی زۆر بەھێزەوە بچێتە بەرامبەر گەل. ئیدی ناگونجێت تەنیا بە ھوتاف و بەکارھێنانی بەھا دیاریکراوەکان سەرکۆمار بۆ ئەم وڵاتە ھەڵبژێردرێت و حکوومەت بگرێتە ئەستۆ".
سەرکۆماری تورکیا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئیتر تورکیا بە پڕۆژەی زیاتر لە رێگای خۆی بەردەوام دەبێت و گوتی: "ئایا لەوە خۆشتر ھەیە ببینە خزمەتکاری ئەم گەلە؟ ئێمە ھەمیشە گوتوومانە، ئێمە نەھاتووین ببین بە ئەفەندی لەسەر ئەم گەلە بەڵکو ھاتووین ببین بە خزمەتکار. تاکو ئەمڕۆ ئەوانەی کە پڕۆژەیان نەبووە لە بەرامبەر ئێمە وەستاون و ئێمەش بە پڕۆژەکانمان وەڵامان داونەتەوە. لەمەودوایش ئێمە بە پڕۆژەکانمان لە رێگاکەمان بەردەوام دەبین".
ئەنادۆڵو





