ئەحمەدینەژاد، خۆی بۆ سەرۆککۆماریی ئێران کاندید کردەوە

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سەرۆککۆماری پێشووی ئێران بە ئامادەبوونی لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران، خۆی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتووی وڵاتەکەی کاندید کرد.
لە دووەم ڕۆژی ناونووسین بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی ئێران، (مەحموود ئەحمەدینەژاد) سەرۆککۆماری پێشووی ئێران سەردانی بنکەی ناونووسیی کاندیدەکانی لە وەزارەتی ناوخۆی ئیران کرد بە مەبەستی بەشداری لە ڕکابەریی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتیی داهاتووی ئێران کە بڕیارە لە ١٩ی مانگی داهاتوو بەڕێوە بچێت.
تا ئێستا جگە لە (ئەحمەدینەژاد)، هەریەک لە (حەسەن ڕۆحانی) سەرۆککۆماری ئێستا و (ئیبراهیم ڕەئیسی) سەرپەرشتیاری مەزارگەی ئیمام ڕەزا ئیمامی هەشتەمی شیعەکان لە مەشهەد، وەک دوو ڕکابەری سەرەکی، ناوی خۆیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتووی ئێراندا تۆمار کردووە.
شایانی باسە، خۆکاندیدکردنی (مەحموود ئەحمەدینەژاد) بە پێچەوانەی ڕەزامەندیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دێت، کە تیایدا ئایەتوڵڵا (خامەنەیی) داوای لێ کردبوو خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئێران کاندید نەکات.
هەروەها ڕێبەری ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو کە (مەحموود ئەحمەدینەژاد) پاشگەز بووەتەوە لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی دوانزدەیەمین خولی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران.




