٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"پارە دەدرێتە ئەو ئاوارانەی دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان"

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info-  بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دهۆک دەڵێت، هەرئاوارەیەک بگەڕێتەوە ناوچەکەی خۆی، حکوومەتی عێراق ملیۆن و نیوێک پارەی پێ دەدات.

(مەجید شوکری)، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ''حکوومەتی عێراق بڕیاری دەرکردووە بۆ خەرجکردنی ئەو پارەیە و ھەرخێزانێکی ئاوارەی عێراقی بگەڕێتەوە شوێنی خۆی، لەو بڕەپارەیە سوودمەند دەبێت، کە یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دینارە. بەڵام ھێشتا بڕیارەکە نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە، لەگەل ئەوەشدا بەپێی بڕیارەکە ئەو پارەیە لەسەر حکوومەت بووەتە ماڵ و پێویستە خەرج بکرێت، لەبەر ئەوەش، ئێمە دوو نوسینگەمان لە گەیارە و لای چەپی مووسڵ کردووتەوە، بۆ تۆمارکردنی ئەو خێزانانەی ئاوارەی مووسڵن و دەگەڕێنەوە یان سەرلەنوێ ئاوارەی ھەرێمی کوردستان دەبن.''

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دھۆک دەشڵێت:  ''پێدانی پارەکە وەک ھاوکاری و ھاندانێکە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و نابێ بە شێوەی پارەی کاش بە ئاوارەکان بدرێت، بەڵکو لەڕێی کۆبۆنێکی تایبەتەوە بە ئاوارەکان دەدرێت و، ئەوان دەتوانن بایی ئەو گوژمەیە کەلوپەل و خواردەمەنی بکڕن و حکوومەت پارەکەی خەرج دەکات. پێشتریش بڕیارێکی ھاوشێوە ھەبووە و ھەرئاوارەیەک بڕی دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار ھاوکاری کراوە، ھەرچەندە ئەو ھاوکارییەی پێشووش لە کەمپەکانی دھۆکدا هەر بەردەوامە و تا ئێستا ٨٠%ی ئاوارەکان لێی سوودمەند بوون.''

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار