هێلی: ئەمەریکا سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا تاوتوێ دەکات

ئاژانسەکان-KDP.info- نوێنەری ئەمەریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، سەرۆکی ئەمەریکا سەرقاڵی تاوتوێکردنی سەپاندنی سزای زیاترە بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.
لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی (سی.ئێن.ئێن)ی ئەمەریکایی، (نیکی هێلی) نوێنەری ئەمەریکا لە یوئێن ڕایگەیاندووە، (دۆناڵد ترامپ) سەرۆکی وڵاتەکەی، ئەو ڕێکارانە تاوتوێ دەکات، کە دەبنە هۆی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر حکوومەتی تاراندا. ئاژانسی فارسی ئێران هەواڵەکەی بڵاو کردەوە، بەو واتایەی کە نوێنەری ئەمەریکا، پشتیوانیکردنی ئێران لە سووریای بە هۆکاری سزا نوێیەکانی سەر ئێران داناوە. ئەوەشی ڕاگەیاندووە، کە ئەو سزایانە ڕووسیاش دەگرێتەوە، لەبەر پاڵپشتیکردنی مۆسکۆ لە حکوومەتی (بەشار ئەسەد).
نوێنەرەکەی ئەمەریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایشی کردووە، کە (دۆناڵد ترامپ) بە مەبەستی خستنەڕووی سزاکان لەدژی ڕووسیا و ئێران، لەگەڵ ئەندامانی کابینەی حکوومەتی وڵاتەکەی کۆدەبێتەوە. بە گوتەی (نیکی هێلی)، زانیاریی زیاتر بە (ترامپ) گەیشتووە، کە دەیسەلمێنێت (بەشار ئەسەد)، سەرۆکی سووریا دەستی لە بۆردومانی کیمیاییی خانشیخونی پارێزگای ئەدلبدا هەبووە.




