ترەمپ بڕیاریدا؛ ئەمەریکا 59 مووشەکی گرتە رژێمی سووریا

ئەمەریکا-KDP.info- ئەمڕۆ سەعات 4ـی بەیانی بە کاتی هەرێمی کوردستان، ئەمەریکا 59 مووشەکی نا بە بنکەیەکی سەربازیی و ئاسمانی رژێمی سووریا لە پارێزگای حومس.
سەعات 4ی ئەمشەو بە کاتی کوردستان، ئەمەریکا بە 59 مووشەکی تۆماهۆک هێرشی کردە سەر بنکەی ئاسمانی شەعیرات کە بنکەیەکی ئاسمانی و سەربازیی رژێمی سووریایە.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان لەو هێرشەدا 14 فڕۆکەی سووریا تێکشکێندراون و هەروەها سیتسەمی چاودێری ئاسمانی و جبەخانەی سەربازیی لە بنکەکەدا وێران کراون.
ترەمپ: خۆم بڕیای هێرشەکەم دا
لەیەکەم لێدوانیدا پێوەست بەو هێرشە، (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ئەمەریکا لە فلۆریدا رایگەیاند، خۆی بڕیاری ئەو هێرشەی ئەمەریکایی دەرکردووە چونکە (بەشار ئەسەد) چەکی کیمیایی بەکارهێنا و ئەو هێرشەیش وەڵامێکە بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێ هێڵە سوورەکان ببەزێنن، هەروەها ئاماژەیشی دا، کە منداڵ لەدایکدەبێ نابێ بەو جۆرە بمرێ وەک ئەوەی کە رژێمی سووریا بە چەکی کیمیایی کوشتنی، بۆیە سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداری دایە (بەشار ئەسەد) کە ئەمەریکا وەڵامی بۆ هەرهەنگاوێکیان دەبێ کە هێڵی سوور ببەزێنن.
لە یەکەم کاردانەوەدا بۆ پاڵپشتی کردن لە ئەمەریکا، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا پشتیوانی تەواوی هێرشەکەی ئەمەریکایی بۆسەر سووریا دەربڕی و دەستخۆشی لە (ترەمپ) کرد. سعوودیە و ئیسرائیل و تورکیایش پشتیوانیان لەو هێرشەی ئەمەریکا بۆسەر سووریا کرد.
مووشەکی تۆماهۆک

تۆماهۆک، یەکێک لەو مووشەکە دووهاوێژانەیەی ئەمەریکاییە کە ئەمشەو ئەمەریکا لە دووری 1000 میلەوە بۆ وێرانکردنی بنکەی شەعیراتی رژێمی سووریا بەکاری هێنا. مووشەکی تۆماهۆک دوورمەوداهاوێژە و قەبارەکەی بچووکە و 6 مەترێکە، دەتوانێ تا دووری 1250 بۆ 2500 کیلۆمەتر بڕوات. مووشەکە لەماوەی یەک سەعاتدا خێراییەکەی 880 کیلۆمەترە و لەساڵی 1983وە ئەمەریکا بەرهەمی هێناوە و لە ساڵی 1991 دا بۆیەکەمجار لە ئۆپەراسیۆنەکاندا بەفەرمیی تاقیکردووەتەوە. مووشەکەکە زیاتر لەسەر کەشتی دەریایی ئاراستەدەکرێ و مووشەکێکی بزرە، چونکە خۆی لە سیستەمی چاودێری دەشارێتەوە و بەزووی لە سیستەمی راداردا دەرناکەوێ.
شڕۆڤە

بەگوێرەی شڕۆڤەکارانی سیاسی لە ئەمەریکا کە فۆکس نیوز و کەناڵی cnnـی ئەمەریکا ئاماژەیان بۆ کردووە، ئەو گورزە سەربازییەی ئەمەریکا دەستی کراوەی ئیدارەی (دۆناڵد ترەمپ)ـی نیشاندا کە لە یەککاتدا پەیامێکی سەربازی و سیاسی دایە رۆژهەڵاتی ناوین کە ئیدی دەستی ئەمەریکا بۆ هەر ئەگەرێک کراوەیە؛ لە دوو هۆکاردا:
یەکەم: ئەمەریکا چاوی لەسەر سووریایە و وەڵامێکی هەموو ئەو شرۆڤانەی دایەوە کە دەیانگوت ئەمەریکا بۆ مەلەفی سووریا هیچی لەدەست نییە، ئەمە نیشانی دا کە بەڵێ ئەمەریکا بەهێزەوە لە سووریایە و پشتگیریش لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەکات.
دووەم: وەڵامێک توندبوو بۆ رووسیا و ئێران کە لە سووریادا بوونیان هەیە، کە ئەگەر رژێمی سووریا هێڵی سوورببەزێنی، ئەوا ئەمەریکا بە ئەگەری هێرشی سەربازییش وەڵامی دەبێ و، خۆی لە دەستوەردانی ناوچەکە بێدەنگ ناکات.
هەربەزوویی تورکیا ئامادەیی نیشاندا کە ئەگەر هێرشی سەربازی بکرێتە سەر رژێمی سووریا ئەوا تورکیا لەگەڵ ئەمەریکا هێرش دەکات، سعوودیایش نەیشاردەوە کە ئەوان بەو هێرشە زۆر خۆشحاڵن ئەوەی ئەمەریکا لێیانییەوە بوێ ئەوان بۆ پشتگیری ئەمەریکا ئامادەن. بەریتانیا و ئوسترالیایش ئامادەیان بۆ پشتگیری ئەمەریکا نیشاندا.
وەک سەرۆکی ئەمەریکا و وەزیری بەرگری ئەمەریکا ئاماژەیان بۆ کرد، ئەو هێرشە وەڵامێک بوو بۆ ئەو کردەوەی رژێمی سووریا کە بەچەکی کیمایی کردییە سەر ئیدلب، کە تێیدا 100 کوژرا و نزیکەی 500 برینداری لێ کەوتەوە.
زیانی سەربازیی
بەگوێرەی زانیارییە سەرتاییەکان بنکەی ئاسمانی و سەربازیی شەعیرات کە لە پارێزگای حومسە، ئەمەریکا لەسەر دوو کەشتی جەنگی لە دەریای ناوەڕاست مووشەکەکانی ئاراستە کردوون، بەگوێرەی زانیارییە سەرتاییەکان ئەو بنکەیەیی سووریا زیاتر لە 40 فڕۆکەی سەربازیی رژێمی سووریایی لێبووە و لەوێوە هێرشی زۆرچڕ دەکرایە سەر ئۆپۆزسیۆنی سووریا، بەڵام لەو گورزەی کە ئەمڕۆ ئەمەریکا لە بنکەکەی دا، 14 فڕۆکە بەتەواوی تێکشکاون و هەروەها 26 فڕۆکەی دیکەش زیانیان پێکەوتووە کە بەگوێرەی زانیاری رۆیتەرز 40 فڕۆکە زیانی پێکەوتووە و بنەکەکەیش بەتەواوەتی لەکارکەوتووە.
بنکەی ئاسمانی و سەربازی شەعیرات، دەکەوێتە شاری شەعیراتی سووریا لە پارێزگای حومس و دووەم بنکەی گەورەیی سەربازییە لە سووریادا.
شاو






