٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لیژنەی ئاساییش و بەرگری: پێشڕەویی ھێزە ئەمنییەكان لە مووسڵ، زۆر سستە

سەرچاوە: KDP.info

 

مووسڵ-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێ، لە دوای ئەوەی خەڵكێكی زۆری سڤیل بە ھۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكان بوونە قوربانی، لە ئێستادا پێشڕەوییەكان زۆر سست بوون و بگرە لە ھەندێك شوێن وەستاون، چونكە داوا كراوە لێكۆڵینەوەیەكی ورد لەو ڕووداوە بكرێت.

(ھاشم بریفكانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "پاش ئەوەی فڕۆكە جەنگییەكان ژمارەیەك خانووی ھاووڵاتیانی سڤیلیان لە "مووسڵ جەدیدە" بۆردوومان كرد، پێشڕەوییەكانی ھێزە ئەمنییەكان زۆر سست بووە و بگرە لە ھەندێك شوێن وەستاوە، لەبەر ئەوەی داوامان كردووە كە لێكۆڵینەوەیەكی ورد لەو ڕووداوە بكرێت كە چۆن ئەو خانووانە بۆردوومان كراون، كە بە سەدان ھاووڵاتیی سڤیل شەھید بوون".
(بریفكانی) گوتیشی، "فڕۆكە جەنگییەكانی ھاوپەیمانان لەخۆڕا ھیچ شوێنێك بۆردوومان ناكەن ئەگەر بە هەماهەنگی لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆنەكان نەبێت، بۆیە زانیاریی ھەڵە دراوە بە ئەوان كە ئەو خانووانەیان بۆردوومان كردووە و ئەو خەڵكە بووەتە قوربانی".
جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری ڕوونیشی كردەوە، "تاوەكو ئێستا گەڕەكەكانی سناعە، مالیە و تەندروستی و بەشێك لە گەڕەكی یەرمووك رزگار كراون، بەڵام زۆر بە ھێواشی پێشڕەوی دەكرێت بە ھۆی بوونی خەڵكی سڤیل و، داعشیش ئەوان وەكو قەڵغانی مرۆیی بۆ خۆی بەكار دەھێنت".
دەشڵێت، لە ئێستادا نزیكەی ٥٠%ـی لای راستی مووسڵ رزگار كراوە، بۆیە رەنگە رزگاركردنی تەواوی مووسڵ، كاتی پێویست بێت.

بڵند ئیبراھیم   
 

هەواڵی پەیوەندیدار