چاودێرێکی ئەمنی: دەبێ پلانی ئازادکردنی مووسڵ بگۆڕدرێت

هەولێر-KDP.info- (شوان محەمەد تەھا) چاودێری ئەمنی پێی وایە دەبێ حکوومەتی عێراق پلانی ئازادکردنی شاری مووسڵ بگۆڕێت و ئەو ناوچانەی ھاووڵاتیی سڤیلیان تێدایە بە چەکی ئاگرین و قورس نەکرێنە ئامانج.
(شوان محەمەد تەھا)، چاودێری ئەمنی و سەربازی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ڕووداوەکەی شاری مووسڵ کارەساتێکی گەورە بوو، کە بە جارێک ئەو ھەموو ھاووڵاتییە سڤیلەی تێدا کرانە ئامانج و سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ڕاکێشا. بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوەی دەوڵەتی عێراق، پێشتر ئەو خانووانە بۆمبڕێژ کرابوون و حکوومەتی عێراق ددانیشی بەوەدا ناوە، کە کارەساتێکی گەورە بوو، ئەگەر بە ئەنقەست کرابێت، ئەوە تاوانێکی دیکەیە بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل، چونکە ھیچ فڕۆکەیەکی سەربازی بەبێ فەرمانی فەرماندەی ھێزە چەکدارەکان نافڕێت و بەبێ فەرمانی سەربازیش ھیچ ئامانجێک ناپێکێت. تا ئێستاش کەیسەکە بە ناڕوونی ماوەتەوە.''
(شوان محەمەد تەھا) دەشڵێت: ''پێویستە سوپای عێراق دوای کوژرانی خەڵکی سڤیل پلانی ئۆپەراسیۆنەکەی بگۆڕێت، بەو شێوەیەی کە ڕێیەکی فراوانتر بۆ ئەو خەڵکەی کەوتوونەتە نێوان ئاگری شەڕی داعش و سوپای عێراق بکرێتەوە و، لەو شوێنانەی خەڵکی مەدەنییان تێدایە، چەکی قورس بەکار نەھێندرێت و، ھەموو ئەو ناوچانەی ھاووڵاتییان تێدایە لەبەرچاو بگیرێن، تا کارەسات ڕوو نەدات و خەڵکی مەدەنی نەبنە قوربانی. چونکە وەک باس دەکرێت ژمارەیەکی یەکجار زۆر ھاووڵاتی لە بەری ڕاستی شاری مووسڵدا هەن، ئەگەر ئەوە لەبەرچاو نەگیرێت، پێویستە ئۆپەراسیۆنەکە ڕابگیرێت.''




