٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ڕۆژنامەیەکی عەرەبی: کێشە دەکەوێتە نێوان حەیدەر عەبادی و حەشدی شەعبی

سەرچاوە: KDP.info

ئاژانسەکان-KDP.info-  بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی قودسی عەرەبی، کێشەکانی نێوان (حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەکردەی چەکدارانی حەشدی شەعبی دەربارەی بەشداریکردنی ئەو سەرکردانە لە هەڵبژاردنەکاندا لە زیادبووندایە و سەرکردەیەکی حەشدیش لەو بارەیەوە هۆشداری دەدات.

(ئەحمەد ئەسەدی)، گوتەبێژی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، هیچ کەسێک لەنێو حکوومەتدا، تەنانەت (حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانیش بۆی نییە داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بکات، چونکە حەشدی شەعبی بە یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسند کراوە و، تەنیا بە یاسایەکی تر، کە پێویستە لە پەرلەمان دەربچێت، دەبێ بڕیار لە هەڵوەشاندنەوەی بدرێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەرپرسانی حەشدی شەعبی بۆیان هەیە خویان بۆ هەڵبژاردنی دابێ کاندید بکەن، بە مەرجێک دەستبەرداری بەرپرسیارەتیی ئێستایان ببن.

ئەو لێدوانانەی (ئەسەدی) پێچەوانەی لێدوانەکانی (حەیدەر عەبادی)ن، کە لە سەردانیدا بۆ واشنتۆن ڕایگەیاندبوو، حەشدی شەعبی بۆی نییە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکات، بەو پێیەی بەشێکە لە هێزە ئەمنییەکان و بەپێی یاسا ڕێگرییان لێ دەکرێت. (عەبادی) ئاماژەی بەوەش کردبوو، کە بەشێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی دەیانەوێت سوود لە خوێنی "شەهیدان" وەربگرن، بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی دیکە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار