٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

کەمپەکانی خازر پڕبوون لە ئاوارە؛ ٨٠ هەزار کەسیان تێدایە

سەرچاوە: KDP.info

خازر-KDP.info-  بەڕێوبەری کەمپی ئاوارەکان لە خازر دەڵێت، کەمپەکانی خازر پربوون لە ئاوارەکانی مووسڵ و بڕیارە حەفتەی دابێ کەمپێکی دیکە بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی ئێستا نیزیکەی ٨٠ ھەزار ئاوارە لە چوار کەمپدا دەژین و ٤٠ ھەزاریش گەڕوانەتەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان. دەشڵێت، تا ئێستا نیزیکەی ٥٠ ئاوارە بە شێوەی جیاجیا گیانیان لەدەست داوە، بەڵام ھیچیان لەبرسییان نەمردوون.

بەڕێوبەری کەمپی ئاوارەکان لە خازر، (رزگار عوبێد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە لە میحوەری خازر چوار کەمپمان ھەیە، کە پڕبوون لە ئاوارەکانی مووسڵ، بەڵام ھاتنی ئاوارە بەردەوامە و، ئێستاش خەریکە کەمپێکی دیکە دەکرێتەوە و حەفتەی دابێ کارەکانی تەواو دەبێت و ئاوارەی تێدا وەردەگرین.''

(رزگار عوبێد) گوتی: ''ئەو چوار کەمپە نیزیکەی٨٠ ھەزار ئاوارەیان تێدایە و جگە لەوەش، ٤٠ ھەزار ئاوارەی دیکە گەڕاونەتەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان، دەنا ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر دەبوو.''

بەڕێوبەری کەمپەکانی خازر لە درێژەدا گوتی: ''ئەو ئاوارانە بەباشی لەلایەن ڕێکخراوە خێرخوازییە نێوخۆیی و جیهانییەکانەوە ھاوکاری دەکرێن؛ لەوانە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕۆڵی سەرەکیی لەھاوکاریکردنی ئاوارەکاندا ھەیە.''

(رزگار عوبێد) ڕوونیشی کردەوە: ''لەنێو ڕیزەکانی ئاوارەکاندا نیزیکەی ٥٠ کەسیان بە شێوەی جیاجیا گیانیان لەدەست داوە، کە حاڵەتەکان بریتی بوون لە: سێ کەس لەنێو خیوەتێکدا سووتاون، دوو کەس خۆیان کوشتووە، کە نەخۆشیی دەروونییان ھەبووە و، بەشێکیان بە جەڵتە و نەخۆشی گیانیان لەدەست داوە، بەڵام ھیچکامیان لەبرسییان نەمردوون، بگرە ژمارەیەکی زۆریان لە کاتی هاتنیاندا برسی بوون، بەڵام لەگەڵ گەیشتنیان کێشەی برسییەتییان نەماوە.''

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار