ئیبراهیم جەعفەری: بوونی بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق قبووڵ ناکەین

هەولێر-KDP.info- وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بوونی بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ناو خاکی عێراق قبووڵ ناکات.
لە دیمانەیەکیدا (ئیبراهیم جەعفەری) وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ ڕۆژنامەی "شەرق ئەوسەت"ـی سعوودی، دژایەتیی بەغدای لەگەڵ دامەزراندنی بنکەی سەربازیی ئەمریکا و جێگیرکردنی هێزی سوپای ئەمریکا لە ناو خاکی عێراق دووپات کردەوە و ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق بوونی ئەو بنکانە قبووڵ ناکات.
وەزیری دەرەووەی عێراق لە دیمانەکەیدا، ئاماژەی بەوە کردووە کە بەغدا ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر ڕاهێنانی هێزەکانی سوپای عێراق لەلایەن ڕاوێژکاران و ڕاهێنەرانی سەربازیی ئەمریکاوە، ئەویش بەگوێرەی ڕێککەوتنێک کە لە نێوان هەردوولادا هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕایگەیاند کە ئەوان دژی هەر بڕیارێکی ئەمریکان کە دامەزراندنی بنکەی سەربازیی ئەوان لە چەند ناوچەیەکی عێراقی لێبکەوێتەوە.




