ئێران: ڕووسیا دەتوانێت بنکە ئاسمانییەکانی ئێران بەکار بێنێت

هەولێر-KDP.info- لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز، (محەمەد جەواد زەریف) وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ڕووسیا دەتوانێت بۆ شەڕ لەگەڵ داعش و بۆردوومانی پێگە و مۆڵگەی تیرۆریستان لە سووریا، بنکە ئاسمانییەکانی ئێران بەکار بێنێت.
(محەمەد جەواد زەریف) ئەوەشی ڕاگەیاندووە، کە هەردوو وڵاتی ئێران و ڕووسیا هاوکاریی باشیان هەیە و هەرکات مۆسکۆ پێویستی بە هاوکاریی ئێران بێت لە شەڕی دژ بە تیرۆر، بە دڵنیاییەوە تاران لەو بارەیەوە بڕیاری خۆی دەدات.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، هاوینی ساڵی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا بنکەی سەربازیی (نۆژە)ی ئێرانیان لە نزیک شاری هەمەدان بەکار هێنا بۆ لێدانی گورزی ئاسمانی لە چەکدارانی داعش لە ناو خاکی سووریادا، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە دوای ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، ئێران ڕەتی کردەوە کە ڕێگەیان بە ڕووسیا دابێت بنکە ئاسمانییەکانی ئێران بەکار بێنێت.




