٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کەرکووکییەکان؛ هەڵکردنی ئاڵای کوردستان نیشانەی گەڕانەوەی شارەکەمانە بۆ سەر هەرێم

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info-  چین و توێژە جیاوازەکانی هاووڵاتییانی كەركووك بە پێداگرییەوە دەڵێن، هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بە فەرمیی لەسەر دامودەزگاكانی كەركووك، نیشانەی ئەو ڕاستییەیە، كە لە كاتی سەربەخۆبوونی هەرێمی كورستاندا، كەركووكیش یەكێك لە شارەكانی ئەو دەوڵەتە دەبێت. لەنێو خێزانی شەهیدانیشدا جەژنە، چونكە خوێنی ڕۆڵەكانیان بەهەدەر نەچووە.

(سەعید محەمەد)، چالاکی مەدەنیی شاری كەركووك، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''گەلی كورد بە درێژاییی میژوو لەلایەن ڕژێم و دەسەڵاتە چەوتەكانەوە چەوسێندراوەتەوە و هەوڵ دراوە بە ماف و هەقی خۆی نەگات، حكومەتی عێراقیش هەمیشە یەكێك بووە لەو حكوومەتانەی هەوڵی داوە كوردان بچەوسێنێتەوە و زۆریش كردەوەی دژەمرۆڤایەتیی لەدژی گەلی کوردستان ئەنجام داوە؛ لە ئەنفال و كیمیاباران و هاوردنی عەرەب و تەعریبكردنی ناوچەكانمانەوە بگرە تا دەگاتە كوشتاری بەكۆمەڵ. هەمیشە چاویشی لەوە بووە، کە ئاڵای خۆمانمان لێ قەدەغە بكات. ڕۆژگارێک هەبوو، یەك تاکە ئاڵای كوردستان لەم شارەدا هەڵنەكرابوو، بەڵام ئەمڕۆ بە فەرمی هەڵكرا و بوو بە ڕۆژە مێژوویییەكەی كەركووكییەكان.''

ئەو چالاكە مەدەنییەی شاری كەركووك ڕوونی كردەوە: ''هەڵكردنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان لەسەر دامودەزگا فەرمییەكانی شاری كەركووك ڕۆژێكی میژوویییە و ئەمڕۆ لەنێو كوردانی شارەكەدا جەژن و ئاهەنگ دەبینرێت. دەبێ كەركووكییەكان ئەم ڕۆژە لەبیر نەكەن، چونكە هەمیشە بەشی هەرەزۆری زیانەكان بەر كەركووك كەوتووە.''

(ئەسعەد ڕەشید)یش، کە باوكی دوو پێشمەرگەی شەهیدە لە شاری كەركووك، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ ئاڵای پیرۆزی كوردستان لە شاری كەركووك هەڵكرا و بە فەرمیی شەكایەوە، لای ئێمەی خاووخێزانی شەهیدان و سەرجەم كوردانی كەركووك جەژن و شادییە، چونكە خوێنی ڕۆڵەكانمان بەهەدەر نەچووە و هەرشەهیدێكی ئەم شارە خوێنەكەی دارێكی بەرداری پێ ئاو دراوە.''

ئەو باوكە شەهیدە گوتی: ''بە درێژاییی مێژوو گەلی كورد خەبات دەكات و قوربانی دەدات بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت، كەركووك كوردستانییە و دڵی كوردستانە و هەرگیز نابێتە خاكی عێراق. وەك چۆن كاتی خۆیشی (بارزانی نەمر) كەركووكی لە كوردستان دانەبڕی و كوردستانێكی بێ كەركووكی لە دوژمنان وەرنەگرت، هەر بەو شێوەیە ئێمەش خەبات دەكەین و، تا ئەو ڕۆژەی ئەم شارە بە فەرمی دەگەڕێتەوە باوەشی كوردستان، ئامادەین بۆ خەبات و قوربانیدان.''

(ئەسعەد ڕەشید) گوتیشی: ''ساڵێكی تر لەم ڕۆژەدا لەگەڵ خاووخێزانەكانمان بە ئاڵای كوردستانەوە بەنێو كووچە و بازاڕی شاری كەركووكدا دەسوڕێینەوە و یادی ئەم ڕۆژە دەكەینەوە، دەبێ ئەم ڕۆژە لە مێژوودا تۆمار بكرێت و هەموو ساڵێك یادی بكەینەوە.''

(محەمەد نوورەددین)، مامۆستای زانكۆ لە شاری كەركووك، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''هەڵكردنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان یەكێكە لە مافە ڕەواكانی ئەم نەتەوەیە لە شاری كەركووك. هیچ كێشەیەكی یاساییش لەم هەنگاوەی ئەنجوومەنی پارێزگادا نابیندرێت و تەواو بێكێشەیە. دەبێ برایانی عەرەب و توركمانیش لەم شارەدا ددان بەوەدا بنێن، كە ئەم شارە كوردستانییە و، بە درێژاییی مێژوو ستەمی لێ كراوە و گەلی كورد قوربانی و خوێنێكی گەلێك زۆری لەم شارەدا داوە. بۆیە بە هەڵكردنی ئاڵاكەشمان لەسەر خاكی خۆمان كەمێك لە مافەكانمان وەرگرتەوە و نیشانەی گەڕانەوەی کەرکووکە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.''

ئەو مامۆستایەی زانكۆ جەختیشی كردەوە: ''هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی لەسەر دامودەزگاكانی كەركووك هەنگاوی یەكەمی گەڕانەوەی مافە ڕەواكانی گەلی كوردە لە شاری كەركووك، بێگومان هەنگاوی باشتر و بەهێزتریشی بەدوادا دێت. ڕێخۆشكەر و جەختكەرەوەی ئەو ڕاستییەشە كە لەكاتی سەربەخۆبوونی هەرێمی كورستاندا، كەركووكیش یەكێك لە شارەكانی ئەو دەوڵەتە دەبێت و بڕیاری خۆی دەدات.''

سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار