سەرچاوەیەک: پەکەکە پردێکی لە نیزیک قەزای زاخۆ بۆمبڕێژ کردووە
_-_Copy__2017_03_28_h16m43s55__HK.jpg)
زاخۆ-KDP.info- لە سنووری قەزای زاخۆ چەکدارانی پەکەکە پردێکی ھاتوچۆی ناوچەکەیان بۆمبڕێژ کردووە و، سەرچاوەیەکیش دەڵێت، پەکەکە بەو کارەی ترس و دڵەڕاوکێی لەنێو ھاووڵاتیاندا ناوەتەوە و مەترسیی تەقینەوەی پردەکە ھەیە.
ڕۆژ بە ڕۆژ ماسکی سەر ڕوخساری پەکەکە لادەچێت و کاری تێکدەرانە دەکات. چەکدارانی پەکەکە لە نیزیک زاخۆ پردێکیان بۆمبڕێژ کردووە و ئەمەش کارێکی تەواو تێکدەرانەیە. بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە نەیویست ناوی ببرێت، چەکدارانی پەکەکە لە گوندی ترەخی سەر بە قەزای زاخۆ پردێکیان بۆمبڕێژ کردووە، پردەکە ٢٠ کیلۆمەتر لە باکووری سەنتەری قەزای زاخۆ دوورە و ئەگەری ئەوە هەیە، بتەقێتەوە.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکە، پەکەکە بیانووی بۆ بۆمبڕێژکردنی پردەکە ئەوەیە کە دەترسن سوپای تورکیا دەستی پێیان بگات. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت، پەکەکە، خۆی خزاندووەتە ئەو ناوچانەوە، کە خاکی هەرێمی کوردستانن و بووەتە هۆکاری ئەوەی زیانی ماددی و گیانی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەوێت.
سەرچاوەکە گوتیشی، پەکەکە بە شێوەیەکی ناشارستانی هەڵسوکەوت لەگەڵ دانیشتوانی ھەرێمی کوردستاندا دەکات و زۆرجاریش ئاستەنگ دەخەنە بەردەم گوندنشینان، ئەوەش بووەتە جێی دڵگرانیی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، چونکە پەکەکە مافی نییە فەرمان بەسەر ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت و جێی دامودەزگە شەرعییەکانی ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
قائید میرۆ




