دەزگای بارزانی هاوكاریی 4 هەزار و 381 خێزانی كرد.. شیری منداڵان و پێداویستیی خوێندنیش بۆ قوتابیان دابین كرا

هەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە هەماهەنگیی چەند رێكخراوێكی خێرخوازی، بەردەوامە لە هاوكاریكردنی ئاوارەكان و، لە چەند هەڵمەتێكدا، بەشەخۆراك، شیری منداڵان و پێداویستیی خوێندنی بۆ قوتابیان لە چەند شار و شارۆچكەیەك دابین كرد.
رێكەوتی ٢٨/٣/٢٠١٧ تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە شارۆچكەی شێخان بەشەخۆراكی ٤٨١ خێزانی ئاوارەی نیشتەجێی كەمپەكانی گەرماوا و شێخانیان دابین كرد.
هەر بەشەخۆراكێك پێك دێت لە ٧٣ كیلۆگرام خۆراكی وشك و مانگانە بەسەر ئاوارەكاندا دابەش دەكرێت، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەرنامەی جیهانی خۆراك هەر مانگێك بەشەخۆراكی زیاتر لە ٢٠ هەزار خێزانی ئاوارە دابین دەكەن.
٣٥٨ منداڵ شیری قوتوویان بۆ دابین كرا
تاكە سەرچاوەی خۆراكی منداڵانی ساوا لە كەمپەكاندا ئەو شیرەیە كە رێكخراوە خێرخوازییەكان بۆیانی دابین دەكەن، دەزگای خێرخوازیی بارزانییش بەردەوامە لە دابینكردنی شیر بۆ منداڵانی ساوای ئاوارەكان.
رێككەوتی ٢٧ـی ئاداری ٢٠١٧، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كەمپەكانی دیبەگە و داوودی، شیری قوتوویان بۆ ٣٥٨ منداڵی ساوا دابین كرد.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی دەوڵەتی پۆڵەندا شیری قوتووی بۆ ٣٠٨ منداڵی ساوای كەمپی داوودی سنووری پارێزگای دهۆك دابین كرد، هەر لە هەمان رۆژدا تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كەمپەكانی دیبەگە شیری قوتوویان بۆ ٥٠ منداڵی دیكە دابین كرد.

نزیكەی ٢ هەزار خێزانی كەمداهات هاوكاری كران
لە ٥ چالاكیدا، ١٩٥٠ خێزانی كەمداهات لە پارێزگاكانی كەركووك، هەڵەبجە، شارۆچكەی شێخان و چەمچەماڵ هاوكارییان بۆ دابین كرا.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە مەبەستی پشتیوانیكردنی خێزانە هەژارەكانی سنووری پارێزگاكانی كەركووك و هەڵەبجە، هەڵمەتێكی بەرفراوانی هاوكارییەكانی بەڕێوە برد.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا پشتیوانی لە كەسانی كەمداهات و هەژاران دەكات بە بێ جیاوازی و هەوڵ دەدات لە چالاكییەكانیدا زۆرترین كەس سوودمەند بن.
رێككەوتی ٢٧ـی ئاداری ٢٠١٧، بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەڵمەتێكی بەرفراوانی هاوكارییەكانی بەڕێوە برد، لەو هەڵمەتەدا ١٩٥٠ خێزانی كەمداهات لە پارێزگاكانی كەركووك و هەڵەبجە و هەردوو شارۆچكەی شێخان و چەمچەماڵ سوودمەند بوون.
لە پارێزگای هەڵەبجەدا تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوكاریی خۆراكییان بۆ ٤٠٠ خێزانی كەمداهاتی سنووری هەردوو شارەدێی خورماڵ و سیروان دابین كرد، هەروەها لە درێژەی هەڵمەتی هاوكارییەكاندا لە پارێزگای كەركووك و شارۆچكەی چەمچەماڵدا ١١٥٠ خێزان هاوكاری كران.
جێگای ئاماژەیە، تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شارۆچكەی شێخان هاوكاری خۆراكییان بۆ ٤٠٠ خێزانی كەمداهاتی دیكە دابین كرد.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سێكتەرەكانی (پەروەردە و ڕۆشنبیری، خۆراك، ناخۆراك، پەناگە و پاككەرەوە و پڕۆژەی چاودێریی ئازیزان و پرۆژەی وێلچیر و هەلی كار) رۆژانە چالاكیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەبات و لە ساڵی رابردوودا لە سێكتەری خۆراكدا ٩٨٨ چالاكی و هاوكاریی ئاوارە و پەنابەران كراوە كە تێیدا زیاتر لە پێنج ملیۆن كەس لە هاوكارییەكان سوودمەند بوون.
پێداویستیی خوێندن بۆ قوتابیان لە شارۆچكەی قەرەداغ دابین كرا
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە مەبەستی پشتیوانیكردن و هاندانی قوتابیان بۆ بەردەوامیدان بە خوێندن، جۆرەها هاوكاری و چالاكی لە بواری پەروەردەییدا بۆ قوتابییانی بنەڕەتی بەڕێوە دەبات.
رێككەوتی ٢٧/٣/٢٠١٧ تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شارۆچكەی قەرەداغ بە هەماهەنگی دەوڵەتی كوێت، جانتا و پێداویستیی خوێندنیان بۆ قوتابیانی قوتابخانەی جافەرانی بنەڕەتی دابین كرد. لەو چالاكییەدا ٧٢ قوتابیی قوتابخانەكە سوودمەند بوون.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەوڵەتی كوێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە هەڵمەتێكی هاوكارییەكانیان بۆ قوتابیان دەست پێ كردووە و لەو هەڵمەتەدا ٣٠ هەزار قوتابی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا سوودمەند دەبن.




