"پەکەکە لە سنووری پێنجوێندا مانگانە یەک ملیار دینار بەزۆر لە خەڵکی وەردەگرێت"

هەڵەبجە-KDP.info- کارگێڕی ڕێکخستنی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە دەڵێ، پەکەکە لە سنووری پێنجوێن بەئاشکرا بازگە و گومرگی داناوە و بەزۆر پارە لە خەڵک وەردەگرێت، کە حەفتانە ٢٥٠ ملیۆن دینار و مانگانە یەک ملیار دینار وەردەگرێت و، بەئاشکرا بارەگای لە ھەڵەبجە ھەیە و کچان و کوڕان لەخشتە دەبات و چەکداریان دەکات.
(بەختیار سدیق)، کارگێڕی ڕێکخستنی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ژمارەی چەکدارانی پەکەکە لە سنووری ھەڵەبجە زیادی کردووە، بەتایبەتی لە سنووری پێنجوێن کۆمەڵێک گوندیان داگیر کردووە، لە ناوچەکانی سەیرانبەن و دالەڕوو و میشاو سەرانە لە خەڵک وەردەگرن، کە حەفتانە زیاتر لە ٢٥٠ ملیۆن دینار لە خەڵک وەردەگرن و مانگانە دەگاتە نزیکەی یەک ملیار دینار.''
(بەختیار سدیق) گوتی: ''لە سنووری پێنجوێن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەی چەکدارانی پەکەکە زیادی کردووە و چەند بارەگایەکی نوێیان کردووەتەوە و بەزۆر پارە لە خەڵک وەردەگرن و ھێزە ئەمنییەکانیش دەزانن، کەچی بێدەنگن و ھیچیان پێ ناڵێن.''
کارگێری ڕێکخستنی لقی١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵبجە ڕوونیشی کردەوە: ''پەکەکە لەناو شار و شارۆچکەکانی ھەڵەبجە بەبێ مۆڵەت بارەگای کردووەتەوە و بە شێوەیەکی نایاسایی و بەردەوام کچان و کوڕان لەخشتە دەبات و دەیانبات بۆ ڕیزەکانی خۆی، کە ژمارەی ئەوانەی لەخشتەی بردوون و بردوونی بۆ ناو ڕیزەکانی خۆی زیاتر لە١٠٠ کەس دەبێت.''
بڵند ئیبراھیم




