"کەرکووکییەکان هەڵکردنی ئاڵای کوردستانیان دەوێت؛ سبەینێ دەنگدانە"

كەركوك -KDP.info- قایمقامی كەركووك دەڵێت، بەیانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك پرسی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر باڵەخانەی دامودەزگا حكوومییەكان دەخاتە دەنگدانەوە، كورد زۆرینەیە و سەردەكەوێت. كەركووكییەكان خۆیشیان داوای هەڵكردنی ئەم ئاڵایە دەكەن.
پرسی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووکدا بووەتە بابەتێکی گەرمی نێو کەرکووکییەکان و بڕیارە سبەینێ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەنگ بۆ هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگاکانی حکوومەت بدات.
(كامیل ساڵەیی)، قایمقامی كەركووك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر دامودەزگاكانی كەركووك حەقێكی گەلی كوردە و كەركووك لەڕووی جوگرافی و سەربازی و دانیشتوانیشەوە كوردستانییە. ئەركی خۆیشمانە دەستوبرد بكەین و ئاڵای خۆمان بە فەرمی هەڵبكەین. سبەینێ، سێشەممە (28/3/2017)، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك پرسی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان، لەسەر باڵەخانەی دامودەزگا حكوومییەكانی سنووری پارێزگای كەركووك دەخاتە دەنگدانەوە.''
قایمقامی كەركووك ڕوونی كردەوە: ''ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك (41) ئەندامە، کە (26) ئەندامی لە لیستی برایەتییە و زۆرینەین. بەوپێیەش بێت، دوو لەسەر سێی دەنگەكانمان زامن كردووە، ئەگەر بێت و برایانی توركمان و عەرەبیش دەنگمان بۆ نەدەن. بۆیە ئەگەر بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستان چووە دەنگدانەوە، سەردەكەوین و، بەفەرمی ئاڵای كوردستان لەسەر دامودەزگاكانی شاری كەركووك هەڵدەكرێت.''
(كامیل ساڵەیی) جەختی كردەوە: ''مافی كوردە ئاڵای خۆی لەسەر خاكی كەركووك بە فەرمی هەڵبدات. پێویستە هەموو پێكهاتەكانی كەركووكیش بڕیاری خۆیان بدەن. دوو ساڵە هێزی پێشمەرگە شاری كەركووك دەپارێزێت و ئاڵای كوردستان لە هەموو سەنگەرەكان و سەرجەم شوێنەكانی شاری كەركووكدا هەیە. سەرەڕای ئەمەش، ئاڵای كورستان لەم شارەدا لەنێو دەریایەك خوێندا سوور بووە و قوربانییەكی زۆری بۆ دراوە. لە لایەكی تریشەوە، كەركووكییەكان، خۆیان داوای هەڵكردنی ئەم ئاڵایە دەكەن.''
قایمقامی کەرکووک ڕایشیگەیاند: "برایانی عەرەب و توركمانی شارەكە بە شێوەیەكی قەتعی ڕووبەڕووی بابەتی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە شاری كەركووكدا نەبوونەتەوە، بەڵكو داوای ڕێکكەوتن و دانیشتن دەكەن. ئەمڕۆ لەگەڵ توركمانەكان دانیشتین، ئەوان داوای وەرگرتنی كات دەكەن، بۆ ئەوەی زیاتر گفتوگۆی لەسەر بكرێت. برایانی عەرەبیش داوای ئازادكردنی ناوچەكانیان دەكەن. بۆیە نەرمییەك بە بابەتەكەوە دیارە و دەكرێت لەسەری ڕێك بكەوین.''
سەرباز واحد




