٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"تەواوی پارێزگای نەینەوا بە وێرانكراو ناسێندرا"

سەرچاوە: KDP.info

 

مووسڵ-KDP.info-  ئەندامێكی ‌‌ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەندا، پارێزگای نەینەوا وەكو ناوچەیەكی وێرانكراو ناسێندرا و، داوایش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن بڕیارەكە بە فەرمی پەسەند بكات.

لە دوا‌كۆبوونەوەی دوێنێ یەكشەممەی‌ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوادا كە لە شارەدێی باشیك ساز درا، بە كۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن، تەواوی پارێزگای نەینەوا بە شارۆچكە و شارەدێكانیشەوە ئەوانەی كە دەستی تیرۆریستانی داعشیان پێ گەییشتووە،‌ بە وێرانكراو ناسێندران و، داوایش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرا بە زووترین كات ئەو بڕیارە بە فەرمی پەسەند بكات.
(هاشم بریفكانی)، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، لەو بارەیەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو بڕیارە لە رووی یاساییەوە گرینگیی خۆی دەبێت، چونكە قەرەبووكردنەوە، ئاوەدانكردنەوە و دابینكردنی بوودجەیەكی زیادە بۆ پارێزگای مووسڵ لەلایەن حكوومەتەوە، لە خۆ دەگرێت".
(بریفكانی) گوتیشی: "داوا لە (حەیدەر عەبادی) دەكەین لە نزیكەوە سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی نەینەوا بكات، بۆ ئەوەی زیاتر مامەڵە لەگەڵ زانیاریی نوێ و دروست بكات و، لێكۆڵینەوەیش لەو كارەساتە بكات كە زیاتر لە 500 كەسی سڤیل بوونەتە قوربانی، هەروەها لەبارەی دۆخی پارێزگاكەیشەوە لە نزیكەوە لەگەڵ ئیدارەی نەینەوادا كۆ ببێتەوە".

نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار