ئەنەكەسە: پڕۆژەیەك قبووڵ ناكەین لە سووریا مافی كوردی تێدا نەبێت

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنەكەسە دەڵێ: "داوامان كردووە ئەو پڕۆژەیەی لەبارەی سووریاوە ئامادە كراوە، ھەموار بكرێتەوە، لەبەر ئەوەی داواكاری ئێمەی تێدا نییە، بۆیە گەر داواكارییەكانمان جێبەجێ نەكرێت، بەو پڕۆژەیە رازی نابین".
(كامیران حاجۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تاوەكو ئێستا بڕیاری كشانەوە لە كۆنگرەی جنێفمان نەداوە، بەڵام لەسەر پڕۆژەكەی (ستیڤان دیمستۆرا) نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان رازی نین، لەبەر ئەوەی داوای دروستكردنی سووریایەكی عەرەبیی ئیسلامی دەكەن، ئێمەیش داوای سووریایەكی فرەنەتەوە و پێكھاتە و دیموكرات و فرەئایین دەكەین، ئەگەرنا ئێمە بەو شێوەیە پێی رازی نابین."
(حاجۆ) گوتیشی: "داوامان كردووە ئەو پڕۆژەیە ھەموار بكرێتەوە و لیژنەی پێداچوونەوەیش ئەم گۆرانكارییەیان قبووڵ كردووە و رەوانەی لیژنەیەكی یاساییان كردووە، بۆیە ئەوان بڕیاری گۆڕانكاری تێدا دەدەن و دوای ئەمەیش دەستەی گشتی دانیشتی لەبارەوە دەكات و ئەوكات دیار دەبێت قبووڵی دەكەن یاخود نا".
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنەكەسە ڕوونیشی كردەوە: "جگە لەو داواكارییە، ھەندێك داواكاریی دیكەیشمان ھەیە لەبارەی پرسی كورد و دەنگدان و چەند داواكارییەكی تریش، بە ھیچ شێوەیەكیش پڕۆژەیەك قبووڵ ناكەین مافی كوردی تێدا نەبێت، بۆیە ئەو كات كارەكان لە دەستەی گشتی ھەڵدەپەسێرین، بەڵام لە ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆن ناكشێینەوە، چونكە رێككەوتنمان لەگەڵیاندا ھەیە و لەگەڵ دەستەی گشتیدا جیاوازە".
باسی لەوەیش كرد: "ئێمە ماوەی چەند ساڵێكە كار بۆ بەدەستھێنانی مافی كورد لە سووریادا دەكەین و بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی داواكارییەكانمان جێبەجێ بكرێن، بەڵام گەر جێبەجێ نەكرێن، ئەو كات كارەكانمان رادەگرین".
بڵند ئیبراھیم




