٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

شێخ محێدین: گەر رێككەوتنی سیاسی لەبارەی مووسڵەوە نەكرێت، دۆخەكە لە دەست دەردەچێت

سەرچاوە: KDP.info

 

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ دەڵێ، دۆخی مووسڵ زۆر ئاڵۆزە و چەندین جۆرە ھێزی لێیە و ھەر ھێزەیش بە ئارەزووی خۆی مامەڵە دەكات، بۆیە پێویستە بەپەلە رێككەوتنێكی سیاسی بكرێت، ئەگەرنا دۆخەكە لە دەست  دەردەچێت.

(شێخ محێدین مزووری)، بەرپرسی پەیوەندییەكانی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی  راگەیاند: "پێشڕەوییەكان لە لای راستی مووسڵ بەردەوامن، بەڵام ئەو پلانەی دانراوە، سەركەوتوو نییە، چونكە راستە پێشڕەوی دەكرێت و ناوچەیەكی فراوانیش رزگار كراوە، بەڵام لە بەرانبەردا ژمارەیەكی زۆری خەڵكی سڤیل دەبنە قوربانی، لەبەر ئەوەی ھێزەكانی ھەواڵگریی عێراق لە چەند رۆژی رابردوودا زانیاریی ھەڵەیان دابوو بە فڕۆكە جەنگییەكانی ھاوپەیمانان و ئەوانیش بۆردوومانیان دەست پێ كرد، بۆیە بەو ھۆیەوە ژمارەیەكی زۆری خەڵكی سڤیل بوونە قوربانی كە ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە ٤٠٠ هاووڵاتی".
(مزووری) باسی لەوەیش كرد، جگە لە كوژرانی ئەو ژمارەیە، خەڵكێكی زۆر خۆیان لە ژێرزەمینی ماڵەكانیان حەشار داوە و داعش خانووەكانی تەقاندووەتەوە، بەوھۆیەیشەوە ژمارەیەكی زۆری خەڵكی سڤیل كوژراون و خنكاون، كە ناتواندرێت ژمارەیان دیاری بكرێت.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی لقی چواردەی پارتی دەشڵێت، لە مووسڵ لای چەپیش ئارام نییە و شانەی نوستووی زۆری داعشی لێ ماوە و ڕیش و سمێڵیان تاشیوە و لەناو مووسڵ بە ئارەزووی خۆیان دەگەڕێن، بەشێكیش بە پارە جارێكی دیكە بوونەتەوە پۆلیس كە ئەمەیش مەترسیدارە و پێویستە رێگری لێ بكرێت.

ڕوونیشی كردەوە، چەندین جۆرە ھێز لە مووسڵ ھەن كە ئەو ھێزانە سەركردایەتییەكیان نییە سەرپەرشتییان بكات، بۆیە دۆخەكە زۆر مەترسیدارە و پێویستە بگەڕێنەوە بۆ پێشنیازی (سەرۆك بارزانی) كە داوای كردبوو رێككەوتنێكی سیاسی لەبارەی مووسڵەوە بكرێت، چونكە ئەگەر رێككەوتن نەكرێت بەپەلە، ئەوكات دۆخەكە لە دەست دەردەچێت و كۆنتڕۆڵكردنی زۆر ئەستەم دەبێت.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار