٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زانایانی ئایینی لەسەر مەزاری نەمران پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەنگاوەكانی (سەرۆك بارزانی) دەربڕی

سەرچاوە: KDP.info

بارزان-KDP.info-  سەردانی چین و توێژەكان بۆ سەر مەزاری نەمران لە بارزان بەردەوامە و، بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و بەرخودانی (بارزانی نەمر)، ئەمڕۆیش شاندێكی زانایانی ئایینی سەردانی مەزاری نەمرانیان كرد و پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەنگاوەكانی (سەرۆك بارزانی) دەربڕی.

بەمەبەستی دەربڕینی سۆز و وەفا بۆ ڕێبەری ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان، (مەلا مستەفا بارزانی) و دووپاتكردنەوەی بەڵێنی وەفاداری، شاندێكی هاوبەشی زانایانی ئایینی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سۆران و لقی سۆرانی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لە بارزان سەردانی مەزاری نەمرانیان كرد و، دوای پێشوازی لێكردنیان لەلایەن (خەلات بارزانی)، نوێنەری (سەرۆك بارزانی)یەوە، تاجە گوڵینەیان لەسەر مەزاری نەمران دانا.

(وەیسی سەعید)، بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دوا و باسی لە خەبات و تێكۆشانی (بارزانی نەمر) كرد، كە ماوەی زیاتر لە نیوسەدە ڕابەرایەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستانی كرد و بە ڕەمزی یەكبوونی خاك و نەتەوە وەسفی کرد و سەردانی مەزارە پیرۆزەكەیانی بە پێویست دانا، چونكە ڕێزگرتن لە خەبات و تێكۆشانی (بارزانی نەمر) ئەركی هەموو لایەكە و (بارزانی) موڵكی هەموو گەلی كوردە و لەپێناو كورد و كوردستاندا ژیا و خزمەتی دۆزی ڕەوای كوردی كرد و دەنگی كوردی بە جیهان گەیاند. گوتیشی، (بارزانی نەمر) بایەخی بە ئایینی ئیسلام و زانایانی ئایینیش دا، کە دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام، نموونەیەكی دیاری ئەو بایەخپێدانەیە.

بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران لەجیاتی زانایانی ئایینی، پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆیانی بۆ سەرۆك (مەسعوود بارزانی) دووپات كردەوە، كە لەسەر هەمان ڕێچكە و ڕێبازی (بارزانی نەمر) هەنگاو دەنێت و پارێزەری ئاڵای كوردستان و ئەو ڕێبازەیە کە (بارزانی نەمر) لە سەدەی بیستەمدا هەڵیگرتبوو، کە سەربەخۆییی كوردستانە و، ئەو ئامانجە لەسەر دەستی (مەسعوود بارزانی) دێتە دی و دەوڵەتی كوردستان ڕادەگەیەنێت. زانایانی ئایینی بەلێنیان دا، کە لە كاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستاندا هەر بە پێشمەرگە و پارێزەری كوردستان دەمێننەوە.

دواتر (مەلاخالید)، بەرپرسی لقی سۆرانی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان باسی لە خەبات و تێكۆشانی (بارزانی نەمر) كرد و ڕایگەیاند، بۆ كورد تێكۆشا و زاهیدانە لەبن بەردی شاخەكانی كوردستان و لە ئاوارەیی و دوورەوڵاتیدا، گیانی خۆی بۆ كورد و كوردستان بەخت كرد. هەروەها باسی لە خەسڵەتی كارێزمایی (بارزانی نەمر) کرد و هەڵوەستەشی لەسەر ڕەوشی ئایینی لە سەردەمی شۆرشی مەزنی ئەیلوولدا كرد و بە سەردەمێكی زێڕینی دانا، كە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی (بارزانی نەمر) بایەخ بە سەرجەم ئایین و مەزهەب و ئایینزاكان و لەسەرووی هەموویانەوە ئایینی ئیسلام و زانایانی ئایینی دەدرا، جەختیشی لەسەر پشتگیریی زانایانی ئایینی بۆ هەموو ئەو پرسە ئایینی و نیشتمانییانە کردەوە، كە خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەلەكەمان بكەن.

لە كۆتاییدا چەندین شیعر و پەخشان خوێندرانەوە، كە گوزارشتیان لە خۆشەویستی بۆ (بارزانی نەمر) دەكرد.


رابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار