٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سێ ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕووباری ماواندا خنکان

سەرچاوە: KDP.info

مێرگەسۆر-KDP.info-  ئەمڕۆ خێزانێکی ڕۆژئاوای کوردستان دەیانویست بە قاچاخ لە سنووری قەزای مێرگەسۆرەوە خۆیان بگەیەننە کەمپێکی ئاوارەکان لە تورکیا، بەڵام سێ ئەندامی خێزانەکە لە ڕووباری ماواندا خنکان و، قایمقامی قەزای مێرگەسۆریش دەڵێ، تەرمی ھەرسێ ھاووڵاتییە خنکاوەکە ڕەوانەی پزیشکیی دادی شاری وانی باکووری کوردستان کراون.

(غەفوور مەلا ئەحمەد)، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ بەیانی لە گوندی ماوانی سەر سنووری نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا خێزانێکی کوردی ڕۆژئاوا دەیانویست بە شێوەی قاچاغ خۆیان بگەیەننە کەمپی ڕۆبارووک، کە دەکەوێتە سنووری باکووری کوردستانەوە، بەڵام لە کاتی پەڕینەوەدا باوک و کۆڕێک توانیویانە لە ئاوەکە بپەڕنەوە و دایک و دوو کچیش لە ئاوی ڕووبارەکەدا خنکاون. ئەو خێزانە دەیانویست دوای گەیشتنیان بە کەمپی ڕۆبارووک، بچن بۆ وڵاتانی ئەورووپا.''

قایمقامی قەزای مێرگەسۆر ڕوونی کردەوە: ''دیارە جەندرمەکانی تورکیا ژمارەیەکی زۆر ھێزیان لەو سنوورانە داناوە و دەرفەتیان نەھێشتووتەوە کە خەڵک بە ئاسانی بچنە نێو خاکی تورکیاوە، جەندەرمەی تورک و خەڵکی ناوچەکە تەرمی ھەرسێ ھاووڵاتییە خنکاوەکانیان دەرھێناوە و بۆ پشکنین ڕەوانەی پزیشکیی دادی شاری وانی کوردستانی باکوور کراون.''

(غەفوور مەلا ئەحمەد) دەشڵێ: ''لە دوو ساڵی ڕابردوودا خەڵکێکی زۆر بە شێوەی قاچاخ و نایاسایی لە سنووری قەزای مێرگەسۆری ھەرێمی کوردستانەوە خۆیان دەگەیاندە خاکی تورکیا، بۆ ئەوەی لە تورکیاوە بچنە ئەورووپا، بەڵام ئەمساڵ لەسەر سنوور ڕێوشوێنی توند گیراوەتەوە بەر و ڕێژەی چوونی ھاووڵاتییان بۆ نێو خاکی تورکیا زۆر کەمی کردووە و دەتوانم بڵێم ٨٠% کەمی کردووە، چونکە ئێستا ئەو ڕێیە بۆ دەرچوونی ھاووڵاتییان ئاسان نییە.''

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار