د. نەریمان: ئهمڕۆ بڕیارەكەی خوێندنی باڵا ڕەت دەكەینەوە.. لێدانە لە زمانی كوردی

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی بەشی كوردی لە كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتیی زانكۆی سەڵاحەددین دەڵێت، بڕیارە ئارەزوومەندانەكەی خوێندنی كوردیی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بۆ لێدان لە زمانی كوردییه، بۆیە ڕەتی دەكەنەوە و بڕیارێكی لەو جۆرە جێبەجێ ناكەن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیارێكیان دەركردووە گوایە بڕیارەكەیان بۆ زیاتر بەرەوپێشبردن و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستیی خوێندكاران و قوتابیانیان دەركردووە، چونكە لە بڕیارەكەدا ئاماژەیان بەوە كردووە كە، تەنیا خوێندكارانی لقی زانستی و بە تایبەت ئەو خوێندكارانە دەگرێتەوە، كە لە كۆلێژەكانی (پزیشكی، ئەندازیاری، زانست) وەردەگیرێن، واتە بۆ بەش و كۆلێژەكانی دیكە ئەم بڕیارە جێبەجێ ناكرێت و نایانگرێتەوە، كە ئەمەیش ناڕەزاییەكی زۆری لێ كەوتەوە.
لەو بارەیەوە، (د. نەریمان خۆشناو)، سەرۆكی بەشی كوردی لە كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتیی زانكۆی سەڵاحەددین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیارێكی بەعسیانەیە و ھاوشێوەی بڕیارێكی ساڵی (١٩٨٩)ـیە دەربارەی زمانی كوردی دراوە، لە بڕیاری ٣٢ـی ئەم ساڵەدا ھەمان شت گوتراوە، كە بڕیارەكە دەڵێت، قوتابیی كەوتوویش بێت لەوانەی كوردی، بە كەوتوو ھەژمار ناكرێ، بەڵام ئێستا وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیارەكەیان بە جۆرێكی تر ھەژمار كردووە كە ئارەزوومەندانە بێت، ئارەزوومەندانە لەگەڵ دەستوور تێك ناكاتەوە، چونكە پێچەوانەی دەستووری عێراقە و بۆ زمانە فەرمییەكانی ھەرێم، كە زمانی كوردی و عەرەبی زمانی فەرمیی ھەرێمی كوردستانن، زمانی فەرمی واتا لە ھەموو بوارەكانی خوێندن و بوارەكانی ڕاگەیاندن دەبێـت بەكار بێـت، ناكرێ تۆ بێیت و بە ئارەزووی خۆت لەبەر خاتری بەرژەوەندیی تایبەتی چەند كەسێك كە منداڵەكانیان لە قوتابخانەی ئینگلیزی دەخوێنن و زمانی كوردی نازانن بڕیارێكی لەو شێوەیە دەربكەن، بۆیە ھاتوونە و كردوویانە بە ئارەزوومەندانە و ھیچ داتایەكیشیان لا نییە، كە ئەگەر قوتابی لە بابەتەكانی ئینگلیزی یان ماتماتیك نمرەی كەم بێت نەك لە كوردی، بۆیە ئەو بڕیارە بۆ لێدانە لە زمانی كوردی و تێكدانی زمانەكەیە".
(خۆشناو) ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئەمڕۆ وەك بەشە كوردییەكان و زۆرینەی مامۆستایانی بەشە كوردییەكانی زانكۆی سەڵاحەددین و بەشە پەروەردەییەكان لە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادە دەبن بۆ ڕەتكردنەوەی ئەم بڕیارە نابەجێیە، چەند داواكارییەكیشمان ھەیە و یەك لەو داواكارییەكان دەستبەجێ ھەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە نابەجێیەیە، خاڵێكی تر زۆر گرینگە كە ئەوانەی ئەم بڕیارەیان داوە ڕووبەڕووی دادگا بكرێنەوە بۆ ئەوەی جارێكی تر بەو جۆرە بیر نەكەنەوە و بڕیارێكی لەو جۆرە دووبارە نەكەنەوە، چونكە ئەگەر ئێستایش بڕیارەكە ھەڵبوەشێتەوە، ڕەنگە لە داھاتوودا ئەم فیكرەیە بمێنێ، چونكە ئەمە بەربەستێكە لە بەردەم دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان، لەبەر ئەوەی یەكێك لە پایەكانی دەوڵەت زمانە، گەر بێـت و زمانت نەبێ، كەواتە دەوڵەتت نییە".
فایزە كۆیی




