٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لیژنەی مافی مرۆڤ: لە لای راستی مووسڵ، زیاتر لە ٥٠٠ هاووڵاتی كوژراون

سەرچاوە: KDP.info

 

 مووسڵ-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ڕایگەیاند، بە ھۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكان و سوپای عێراقەوە، لە لای راستی شاری مووسڵ زیاتر لە ٥٠٠ هاووڵاتیی سڤیل بوونەتە قوربانی و، پتر لە ٢٠٠ هەزار كەسیش ئاوارە بوون.

 

(غەزوان حامد)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "داعش لەلای راستی شاری مووسڵ لاواز بووە، بۆیە خەڵكی سڤیل بۆ خۆی بەكار دەھێنت و بەرگرییان پێ لە خۆی دەكات، فڕۆكە جەنگییەكان و ھێزە ئەمنییەكانی عێراقیش داعش لەناو ماڵان بۆردوومان دەكەن، بۆیە خەڵكێكی زۆری سڤیل دەبێتە قوربانی، بە جۆرێك تەنیا لەسێ رۆژی رابردوودا ٢٠٠ هاووڵاتیی سڤیل بە ھۆی بۆردوومانەكانەوە كوژراون".

 

(حامد) گوتیشی، پێویستە بۆردوومانكردنی خەڵكی سڤیل رابگیرێت، چونكە لە سەرەتای دەستپێكردنی پرۆسەی رزگاركردنی لای راستی شاری مووسڵ، تاوەكو ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ هاووڵاتیی سڤیل كوژراون.

 

سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ده‌شڵێت، ھێزە ئەمنییەكان بەڵێنی ئەوەیان داوە كە پلانی سەربازیی خۆیان بگۆڕن، بە جۆرێك ھاووڵاتیی سڤیل نەبنە قوربانی، چونكە ئەوەی ئێستا دەكرێت، مایەی قبووڵكردن نییە.

 

ئەوەیشی خستە ڕوو، رۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ئاوارەكان لە زیادبووندایە كە تاوەكو ئێستا ژمارەیان گەییشتووەتە زیاتر لە ٢٠٠ھەزار كەس، دۆخی خەڵكی مووسڵیش زۆر خراپە و ھاوكارییەكانیش وەكو پێویست نین و ژیانی خەڵكێكی زۆر لە مەترسیدایە، بۆیە پێویستە ھاوكاریی زیاتری ئەو خەڵكە بكرێت.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار