فراکسیۆنی پارتی لە کۆبوونەوەی عەبادیدا بەشداری دەکات

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، فراکسیۆنی پارتی بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی فراکسیۆنەکان لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا دەکات و پرسگەلێکیش لەگەڵ سەرۆکوەزیران باس دەکەن.
(د.عەرەفات کەرەم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "بڕیارە سەعات حەوتی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ فراکسیۆنەکان لە پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە و ئێمەش وەکو فراکسیۆنی پارتی بایکۆتی ئەو کۆبوونەوەیەمان نەکردووە و بەشداریی تێدا دەکەین، چونکە ئێمە پێمان وایە پێویستە بەشدار بین و کۆمەڵێکی پرسیشی لەگەڵ باس دەکەین."
وەک (د.عەرەفات کەرەم) گوتی، ھەر چوار فراکسیۆنی دیکەی کوردی داوایان لێ کردوون فڕاکسیۆنی پارتییش بەشداری نەکات و دەڵی، "ئێمە رازی نەبووین و بەشداری دەکەین، لەبەر ئەوەی ئەو چوار فراکسیۆنە زۆر جار ھەندێک کاریان کردووە بەبێ ئەوەی پرس و راوێژ بە ئێمە بکەن، یاخود بەبێ ئێمە زۆر کار ئەنجام دەدەن، لەبەر ئەوە ئێمەش بە پێویستی دەزانین و بەشداری لەو کۆبوونەوەیە دەکەین و بایکۆتی ناکەین، داواکاریی خۆیشمان لەو کۆبوونەوەیە دەخەینە ڕوو."
(حەیدەر عەبادی)ـی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 26-3-2017، لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق کۆ دەبێتەوە. جیا لە فڕاکسیۆنی پارتی، چوار فراکسیۆنی کوردستانی بە فەرمی بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکەیان راگەیاندووە.
بڵند ئیبراھیم




