٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خورماتوو لەبارترین شارە بۆ دەستتێوەردانی ئیقلیمی.. لە ڕەشبگیرییەكەی دوێنێدا زیاتر لە 30 سوننە دەستگیر كراون

سەرچاوە: KDP.info

خورماتوو-KDP.info-  بەرپرسێكی ناوچەكه‌ دەڵێت، هیز و میلیشیاكانی خورماتوو بەهۆی دەستتێوەردانی‌ ده‌ره‌كییه‌وه‌ دروست بوونە و، ئێستا خورماتوو لەبارترین شارە بۆ دەستتێوەردانی ئیقلیمی و دروستكردنی كێشە و گرفت لەنێو پێكهاتەكاندا.

(ئەحمەد شێخ لەنگەری) بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''دوو شەو لەمەوبەر تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر گوندی (چارداغلی) لە خورماتوو، چەند كەسێكیان سەربڕی و زیانێكی زۆری گیانیشیان لە حەشدی شەعبی دا، لەبەرانبەر ئەوەدا دوێنێ چەكدارانی حەشدی شەعبیش كەوتنە خۆ و بە گوێرەی دواین ئامار زیاتر لە (30)ی كەسی سوننەمەزەبیان لە شارەكە دەستگیر كرد و دەستیان بە ڕەشبگیری كرد.''

(ئەحمەد شێخ لەنگەری)، بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموكراتی كوردستان‌ ئاماژەی دا: ''لە خورماتوو ژیان زۆر نالەبارە و ڕەوشەكە زۆر ئەستەمە بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت بە ئارامی تێیدا بژیێت، چونكە هەردەم ئەگەری تەقینەوەی ڕەوشەكە هەیە و، هیچ ئاسۆیەكی ڕوون نییە بۆ ئەوەی پێكەوەژیانێكی ڕاستەقینە بۆ پێكهاتەكان بێتەوە ئارا و شیرازەی پێكەوەژیان شێواوە.''

(شێخ لەنگەری) ڕوونیشی كردەوە: ''هۆكاری ئەم ڕەوشخراپییەی خورماتوو ئەوەیە كە كۆمەڵێك گرووپ و تاقمی جیاجیای چەكداری تێ كەوتووە، هەریەكەی بۆخۆی فەرمان دەدات و دەیەوێت خۆی بسەپێنێت؛ بەتایبەتی میلیشیا شیعەكان. ئەم هیز و میلیشیایانە بەهۆی دەستتێوەردانی ئیقلیمییەوە دروست بوونە و،  ئێستا خورماتوو لەبارترین شارە بۆ دەستتێوەردانی ئیقلیمی و دروستكردنی كێشە و گرفت لەنێو پێكهاتەكاندا.''

سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار