بۆسەلی: زیاتر لە ٣٠٠ چەكداری یەپەشە ھاتوونەتە ریزەكانی پێشمەرگەوە

شنگال-KDP.info- جێگری فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال دەڵێ، ھاتنی چەكدارانی یەپەشە بۆ ناو ڕیزەكانی ھێزی پێشمەرگە بەردەوامە و، رۆژانە ١٠بۆ٢٠چەكدار واز لە یەپەشە دێنن و دێنە ناو پێشمەرگەوە، كە تا ئێستا ژمارەیان گەییشتووەتە زیاتر لە ٣٠٠چەكدار.
عەمید (سمێ بۆسەلی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھاتنی چەكدارانی یەپەشە بۆ ناو ریزەكانی ھێزی پێشمەرگە بەردەوامە و رۆژ بە رۆژ ژمارەكە زیاتر دەبێت، بە جۆرێك رۆژانە ١٠بۆ٢٠چەكداری یەپەشەی سەر بە پەكەكە دێنە ناو ریزەكانی پێشمەرگەوە، ئێمەیش وەكو پێشمەرگە لیژنەیەكمان پێك ھێناوە و فۆڕمێكیش ئامادە كراوە كە پڕی دەكەنەوە و پێشوازییان لێ دەكرێت".
(بۆسەلی) گوتیشی: "لەو كاتەوەی كە دەرگای وەرگرتنی چەكدارانی یەپەشە كراوەتەوە، تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠چەكدار پەیوەندییان بە ئێمەوە كردووە و چەندانی دیكەیش پەیوەندی دەكەن و دێنە ریزەكانی ھێزی پێشمەرگەوە".
ئەو هەروەها زیاتر گوتی، ھەر چەكدارێكی یەپەشە هاتبێتە ریزەكانی ھێزی پێشمەرگەوە، ٣٠٠ دۆلاری پێ دراوە، بڕیاریشە مەشقیان پێ بكرێت و بكرێنە پێشمەرگە و لە چوارچێوەی ھێزێكدا رێك بخرێن.
بڵند ئیبراھیم




