"پەكەكە سەربەخۆ نییە.. هەڕەشە لە كەسوكاری پێشمەرگەكانی رۆژ دەكات"

هەولێر-KDP.info- ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، پەكەكە سەربەخۆ نییە و لەلایەن ناحەزانی كوردەوە هان دەدەرێت بۆ ئەوەی فیتنە و دووبەرەكی بنێنەوە. ئەندامێكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردیش لە سووریا دەڵێ، پاش شەڕی خانەسۆر، پەكەكە دەستی كردووە بە ئازاردان و دەستگیركردنی كەسوكاری پێشمەرگەكانی هێزی ڕۆژ.
(عارف رۆژدی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "ئەگەر پەكەكە خۆی بە حزبێكی كوردی دەزانێت، پێویستە دەست لەو كارە خراپانە بەر بدات، هەروەها شوێنی خەباتی ئەوان دیارە كە كوردستانی باكوورە، كە سێ جار ئەوەندەی كوردستانی باشوورە، پێویستە لەوێ خەباتی خۆی بكات و هەموو كوردێكیش پشتگیری لێ دەكات، بەڵام ئەگەر لە شنگال و مەخموور و ناوچەكانی دیكە بێت، دەبێتە سەرئێشە بۆ هەرێمی كوردستان، بۆیە دەبێ هەرچی زووە شنگال و ناوچەكانی دیكە چۆڵ بكات و بگەڕێتەوە ئەو شوێنەی كە لێوەی هاتووە".
(ڕوشدی) گوتیشی: "ئەگەر پەكەكە بیەوێت بەربەست لە بەردەم هێزی پێشمەرگەدا دروست بكات، ئەو كارە تەنیا لە خزمەتی داگیركەرانی كوردستانە، بەڵام پەكەكە سەربەخۆ نییە و لەلایەن ناحەزانی كوردستانەوە هان دەدەرێت، بۆ ئەوەی فیتنە و دووبەرەكی بنێنەوە و كێشە دروست بكەن".
هاوكات (د. كاوە ئازیزی) ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "چەكدارانی پەیەدە لە ڕۆژئاوای كوردستان دەستیان كردووە بە هەڕەشەكردن لە خێزان و خزم و كەسوكاری پێشمەرگەكانمان كە ئێستا لە ڕۆژئاوای كوردستانن و پێیان گوتوون، ئەگەر كوڕەكانتان لە ڕیزی لەشكری ڕۆژ نەكشێنەوە، ئەوا ئێوە دەردەكەین و دەست بەسەر موڵك و ماڵتاندا دەگرین، لەگەڵ ئەوەیشدا هەندێك لە كەسوكاری ئەوان لەلایەن چەكدارانی پەكەكەوە گیراون و خراونەتە زیندانەوە، پەكەكە نەك یەك ملیۆن كوردی لە رۆژئاوا وەدەر ناوە، بەڵكو دەیەوێت ئەوانەی ماویشن ئەوانیش نەمێنن و خەڵكی عەرەب بێنە شوێنی ئەوان، وەك ئەوەی كە لە قامیشلۆ و هەندێك شوێنی دیكە كردوویانە".
(ئازیزی) گوتیشی: "پەكەكە نایەوێت كێشەكانی رۆژئاوا چارەسەر ببن و گەلی كورد لەو بەشە بە مافەكانی خۆی بگات، ئەگەر پەكەكە لێبگەڕێ و دەرفەت بدات و ئەجێندای دەرەكی جێبەجێ نەكات، دەرفەتێكی زێڕین بۆ گەلی كورد لەو بەشە هاتووەتە پێشەوە بۆ ئەوەی بە مافە ڕەواكانی خۆی بگات، بەڵام بەداخەوە پەكەكە لێناگەڕێ و هەر كاتێك كار گەییشتە ئەوەی كە كێشەكان چارەسەر ببن، پەكەكە دەست بە گرتن و لەناوبردنی گەلی كورد لەو بەشەی كوردستان دەكات".
ڕابین شێروانی




