"٧٠%ی مووسڵ رزگار کراوە"

مووسڵ-KDP.info- بەگوێرەی زانیاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئێستادا ٧٠%ی مووسڵ رزگارکراوە و هێڵی بەرگری داعش شکاوە و خۆیان لەنێو کۆڵانی تەسکدا حەشار داوە.
مووسڵ کە دووەم گەورەترین شاری عێراقە، داعش لە ساڵی ٢٠١٤ دەستی بەسەرداگرت، بەڵام پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنانەی بەرپای کرد و داعشی شکاند، بەوهۆیەوە داعش لەدەورووبەری مووسڵدا گەمارۆ دراو ئیدی لە جوڵە کەوت، لە ئێستادا بەگوێرەی زانیاری (سەعید مەموزینی) داعش لەنێو مووسڵدا کاریان بووەتە بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبێلەکان و هەروەها فەناسبەدەستەکانیشی لە باڵەخانەکاندا جێگیر کردوون، ئەگەرنا هێڵی بەرگری شکاوە و توانی جارانی نەماوە.
(مەموزینی) کە پەرپرسی راگەیاندنی لقی ١٧ی پارتییە لە مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، لە رۆژانی نەورۆزدا لە هەردوو لای راست و چەپی مووسڵدا ئاگری نەورۆز کرایەوە و داعش لە رقان سێ هاووڵاتی کوردی لە ناوچەی یەرمووک گوللەباران کردووە، چونکە دەزانێ ئاگری سەرکەوتنی پێشمەرگە لە نێو مووسڵدا کرایەوە.
بەگوێرەی زانیاری (سەعید مەمووزینی) لە ئێستادا ٧٠%ی مووسڵ رزگارکراوە و ئەوەی ماوەتەوە داعش لە لای چەپی مووسڵدا لەو کۆڵانە تەسکانە خۆی حەشارداوە کە شەڕکردن لێی سەختە و هاوسنووریشە لەگەڵ سووریادا.
کاروان باعەدری




