لە قەڵادزێوە تا کەرکووک پەکەکە چالاکیی سەربازیی هەیە؛ خانەسۆریشی کردووە بە سەربازگە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیمورکاتی کوردستان دەڵێ، پەکەکە لە سنووری ناوچەی راپەڕین تا دەگاتە کەرکووک دەستی داوەتە چالاکیی سەربازی. سەرۆکی ئەنجوومەنی شنگالیش گوتی، پەکەکە خانەسۆری کردووە بە سەربازگە.
(نەجات حەسەن) بەرپرسی لقی ١١ـی پارتی لە راپەڕین بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پەکەکە لە سنووری ئێمە بە ئازادی و بە ئۆتۆمبێلی (مێک زەمین) دێن و دەچن و، ناوچەیەکیان داگیر کردووە کە 42 گوندی کەوتووەتە سنووری ئێمە، هەر لە ناوچەکانی (سەرشیو، مەرەدۆ، قەڵاتوکان، لێوژە...هتد) و جموجۆڵی تێدا دەکەن."
(نەجات حەسەن) ئاشکرای کرد کە، پەکەکە بە شەوان دێنە ناو شاری قەڵادزێ و، چەند شەوێک پێش ئێستایش پێداویستیی خۆراکیان کڕیوە، "ئەوان بە چەکەوە لەناو شار دەسوڕێنەوە و دەیان گوندی ناوچەکەشیان بەدەستەوەیە و لە هەندێک شوێن بازگەیشیان داناوە."
گوتیشی "لە ڕانیەوە بۆ سنووری کۆیە، لەوێیشەوە بۆ ناحیەی تەقتەق و سنووری پارێزگای کەرکووک، هێزەکانی پەکەکە جموجۆڵیان هەیە."
پەکەکە جیا لەوەی هەماهەنگییەکی زۆری هەیە لەگەڵ حکوومەتی عێراق بۆ مانەوەی شنگال لەسەر عێراق و جیاکردنەوەی لە کوردستان، کە بە ئاشکرا لە کەناڵەکانی (مالیکی) و غەیری ئەویش سەرکردەکانی ئەو حزبە دەڵێن "ئیمە نەک کوردستانی نین، بەڵکو کوردیش نین". بووەتە تفنگێکی شەڕکەری دەستی نەیارانی کورد.
لەمبارەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی شنگال ئاماژەی دا، کە تادێت پەکەکە هێزی خۆی لە خانەسۆر کۆ دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە: "پەکەکە دەیەوێت شنگال و خانەسۆر لە کوردستان داببڕێت".
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەوتووە، لە ٢١-١٠-٢٠١٤ (جمعە حسن عوسمان) ناسراو بە(دەلیل ئامەد) کە بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی کەجەکەیە لە بەغدا، دەستەڵاتدارانی عێراق ڕەزامەندییان داوە لەسەر ئەوەی شنگال و تەلەعفەر بکەونە ژێرکۆنتڕۆڵی پەکەکە؛ بەغدا پەکەکەی ئازاد کردووە لە جێبەجێکردنی هەر سیستەمێکی بەڕێوەبەری بۆ ئەو ناوچەیە، بەمەرجێک لەژێرناوی کەجەکەدا نەبێت.
هەروەها لە ٢٦-١٠-٢٠١٤ـیش شاندێکی عێراقی بە نهێنی سەردانی شاری سلێمانییان کردووە بۆ درێژەدان بەو گفتوگۆیەی نێوان بەغدا و سەرانی پەکەکە. لە ١١-١٢-٢٠١٤ـیش شاندێکی هاوبەشی ئاسایسی نیشتیمانیی عێراقی و ئێرانی و پەکەکە کە لە (دەلیل ئامەد و موقەدەم عەزیز شناوە)ی ئەفسەری هەماهەنگیکار پێکهاتووە لە نێوان عێراق و پەکەکەدا، لە دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی کۆ بوونەتەوە.
(وەیس نایف) سەرۆکی ئەنجوومەنی شنگال بۆ مالپەرڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە پەکەکە هێزی زۆری هێناوەتە خانەسۆر و چەک و تەقەمەنیشی رەوانە کردووە؛ ئێستا دەیەوێت ئیدارەی نوێ بۆ خانەسۆر دروست بکات و لە هەرێمی کوردستانی داببڕێت و بیخاتە سەر کانتۆنەکانی خۆی. هەڵبەت لە شنگالیش هەمان سیاسەت دەکات، بە ئارەزووی خۆی هێز دەجووڵێنێ و چەکدار دەهێنت و دەبات، ئاشکرایە کە ئەجێندایەکی دەرەکی لە شنگال جێبەجێ دەکات و خانەسۆری کردووەتە سەربازگە".
کارزان سەباح هەورامی




