زیاتر له 600 گرێبه‌ستی عه‌ره‌بی هاورده هەڵوه‌شێندراونه‌ته‌وه و زه‌وییه‌كان بۆ كورد گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه

کەرکووک-KDP.info- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كشتوكاڵی پارێزگای كه‌ركووك ئاشكرای كرد، به‌هۆی ئه‌و نادادییه‌ی هەیە، پاره‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری جووتیارانی كه‌ركووك له‌لایه‌ن به‌غداوه خه‌رج ناكرێت و ده‌شڵێ، زیاتر له 600 گرێبه‌ستی زه‌ویی كشتوكاڵی له‌سه‌ر ناوی عه‌ره‌بی هاورده هه‌ڵوه‌شێنداونه‌ته‌وه و زه‌وییه‌كان بۆ هاووڵاتیانی ره‌سه‌نی خۆی كه كوردن گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه.
(مه‌هدی موباره‌ك) به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی پارێزگای كه‌ركووك، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند "حكوومه‌تی عێراق جیاكاری لە نێوان جووتیارانی پارێزگاكانی عێراقدا ده‌كات و، له خه‌رجكردنی پاره‌ی گه‌نمی جووتیاراندا نایه‌كسانی هه‌یه؛ هیچ پاڵپشتییه‌ك نییه بۆ ئه‌وه‌ی جووتیارانی كه‌ركووك هان بدرێن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ له‌و پارێزگایه‌دا گه‌شه بكات، له پاره‌ی كڕینی گه‌نمی جووتیاران، 80 ملیار دیناری جووتیاران كه‌ركووك هیی ساڵه‌كانی پێشوو لای حكوومه‌تی عێراق ماوه و خه‌رج ناكرێت، ئه‌مه‌ش بووەته هۆكاری ئه‌وه‌ی جووتیاران وه‌ك ساڵانی رابردوو نه‌توانن به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر پیشه‌كه‌یان و كاریگه‌ریی هه‌بووه له‌سه‌ر كه‌رتی كشتوكاڵ له سنووری پارێزگای كه‌ركووك."
زه‌وییه‌كان به بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی به‌ناو سه‌ركردایه‌تیی شۆڕش(حزبی بەعسی ڕووخاو)، خراونه‌ته سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كانی حكوومه‌تی ئەوکات و پێویسته تاپۆكانیان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه.
(مه‌هدی موباره‌ك) روونی كرده‌وه "به هه‌زاران دۆنم زه‌ویی جووتیارانی كورد پێشتر گرێبه‌سته‌كانیان له‌سه‌ر ناوی عه‌ره‌به‌كان بووه گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه بۆ خه‌ڵكی كورد و، گرێبه‌ستی عه‌ره‌به‌كانی کە لە چوارچێوەی پرۆسەی عەرەباندنەوە هاتبوونه كه‌ركووك، هه‌ڵوه‌شێندراوه‌ته‌وه؛ به‌ڵام پێویستی به بڕیارێكی وه‌زاره‌تی دادی عێراق هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له ڕووی یاسایییه‌وه بخرێته‌وه سه‌ر ناوی جووتیارانی كورد، هەڵبەت هێشتا وه‌زاره‌تی داد ئاماده نییه ئه‌و ئاسانكارییه بكات."
قائید میرۆ




